بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ کە ئێستا زیندانیی کراوە پەیامێكی بەبۆنەی ۱ـی ئەیلوول (رۆژی ئاشتی) بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان دامەزرا، دەتوانرێت وەک هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لەمێژینەی کورد سەیر بکرێت، بەڵام دەسەڵات نە پابەندی هێنانە دی ئاشتی کۆمەڵایەتییە، نە پاپەندی هێنانە دی ئاشتی سیاسییە.
ناوبراو دەشڵێت: دەسەڵات ئەم پرۆسەیە بەکاردەهێنێت بۆ پاراستن و درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆی، گوتیشی: ئاشتی سیاسی لە تورکیا گەیشتووەتە خراپترین دۆخ لە مێژوودا، چوونکە دەسەڵات یاسا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.
لایخۆیەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دوایین پەیامیدا کە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئاشتیەوە لە ڕێگای شاندی دەم پارتیەوە بڵاوی کردتەوە دەڵێت: پرۆسەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیێکی مێژوویی و سەختە و ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمان دامەزراوە، پێویستە هەنگاوی بوێرانە بنێت بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ چارەسەری بکاتەوە، هەروەها ڕایگەیاندووە، نابێت کۆمیسیۆن خۆی لە چارەسەر کردنی کێشەکە لابدات، ئۆجەلان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر کۆمیسیۆن هەنگاوی پێویست بنێت و لایەنەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن، لە کۆتایی پرۆسەکەدا دیموکراسی لە وڵاتەکەیان بەدی دێت.
Your Comment