ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نیگەرانن لە درێژکردنەوەی ماوەی بەندکردنی ڕۆژنامەنووسێکی کورد

دوو ڕێکخراوەی، لێبوردنی نێودەوڵەتی و لیژنەی پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە دەرکردنی بڕیاری نوێ بۆ شێروان شێروانی، ڕۆژنامە نووسی کوردی عێراقی، دەربڕی و ئەو هەنگاوەیان بە هەڵمەتێک بۆ کپ کردنی دەنگی ڕەخنەگەران لە هەرێمی کوردستان ناو برد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاند دادگایێک لە هەولێر ڕۆژی ۱۹ ئاب بڕیاری چوار ساڵ و پێنج مانگتریش زیندانی کردنی لە دژی شێروان شێروانی، ڕۆژنامەنووسی ڕەخنەگەری کورد لە هەرێمی کوردستان دەرکرد.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دەرکردنی دووبارەی بڕیارەکە تەنها چەند هەفتەیێک پێش ئازادکردنی ناوبراو ڕوویدا. بڕیارەکە لە سەر سکاڵایێک دەرچووە کە ئەفسەرێکی زیندان لە سالی ۲۰۲۲ تۆماری کردبوو و ئیدعای کردبوو شێروانی هەڕەشەی لێکردووە. پارێزەرەکەی  دەڵێت دادگاکە بڕیارەکەی تەنها لە سەر بنەمای شایەت دانی هەمان ئەفسەر و دوو پاسەوان داوە و شێروانیش ڕەتیکردووەتەوە و هیچ هەڕەشەیێک نەبووە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاند: ئەمەش "نوێترین دۆسیە لە دژی شێروانیە، کە پارێزەر و بنەماڵەکەی چاوەڕوانیان دەکرد، ئەوەش فێڵێکی ئاشکرایە بۆ ئەوەی لە ناوبراو لە زیندان بمێنێتەوە". هەروەها دەشڵێت: "پرۆسەی دادگایی کردنی دادپەروەرانەی لەگەڵدا نەکراوە، تەنانەت پارێزەرەکەی لە کاتی خۆیدا دەستی بە دۆسیەکە و بەڵگەنامەکانی نەگەیشت". هەروەها ئەم ڕێکخراوە جەختی کردەوە کە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان پێویستە کۆتایی بە "سووڕی دووبارەی دەستگیر کردن و سزادانی ڕۆژنامە نووسان بێنن".

لە لایەکی دیکەوە، لیژنەی پشتگیری لە ڕۆژنامەنووسانیش داوای ئازادکردنی دەستبەجێ شێروانی کردووە. دوحا داوود، ڕێکخەری بەرنامەی ئەم ڕێکخراوە لە سووریا، دەڵێت: "سزادانی شێروانی بۆ جاری سێیەم بە تۆمەتە گوماناویکان و بەکار بردنی توندترین سزاکان نیشان دەدات کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بڕیاریانداوە دەنگی ڕەخنەگەرانەی شێروانی کپ بکەن. ئەم کارانە زیان بە پێگەی هەموو ناوچەکە دەگەیێنت و پێویستە دەستبەجێ ڕابگیریێت".

شێروان شێروانی بۆ یەکەم جار لە تشرینی یەکەم لەگەڵ چەند چالاکڤان و ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کرا و لە سالی ۲۰۲۱ سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سپێندرا، بڕیارەکە لە دواییدا کەم بووەوە. بڕیار بوو لە ساڵی ۲۰۲۳ ئازاد بکرێت بەڵام لە هەمان ساڵدا لە سەر درووست کردنی بەڵگەنامەیێک بۆ یەکێک لە هاو دۆسییەکانی تۆمەتبار کرا؛ تۆمەتێک کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە سیاسیی زانیوە.

لێبووردنی نێودەوڵەتی دەشڵێت کە لێپرسینەوەی شێروانی لەگەڵ ئەشکەنجە و دانپێدانی زۆرەملێ و نەبوونی شەفافیەتی دادوەری بووە. هەرەوها بنەماڵەکەی و کەسووکاری شێروان چەندین جار لە دەرەوەی دادگا هەڕەشەیان لێکراوە و لەلایەن هێزە چەکدارە نەناسراوەکانەوە تۆقێنراون.

چاودێران دەڵێن ئەم  دۆسییە نوێیە، نیشاندەری شێوازێکی نیگەرانکەرە کە تێدا بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگری کردن لە ئازادی ڕۆژنامە نووسانی ڕەخنەگر، تۆمەت و بڕیاری نوێ لەدژیان دەردەکەن.

News ID 225952

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha