جەلادەکەی نوگرەسەلمان: ڕۆژانە بە بەرنامە زیندانییەکانمان برسی دەکرد

عەجاج ئەحمەد حەردان کە بە جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرەسەلمان ناسراوە، دانی بە تاوانەکانیدا ناوە و دەڵێت، ڕۆژانە بە بەرنامە زیندانییەکانیان برسی کردووە و و ئاشکراشی دەکات کە تەنیا لە ماوەی ۱۰ مانگ دا یەک لەسەر سێی زیندانییەکان گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەجاج لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "سەباح"ی زمانحاڵی حکوومەتی عێراق، نکۆڵیی لە بەرپرسیارێتیی ئەو تۆمەتانە نەکردووە، کە ڕووبەڕووی کراونەتەوە، بەڵکوو دانی بەوەدا ناوە کە "بە بەرنامە ڕۆژانە هەڵمەتی برسیکردن و دەستدرێژیکردنە سەر زیندانییەکانیان وەکوو ئامرازێکی کوشتنی بەکۆمەڵ هەبووە".

عەجاج ئەحمەد حەردان باس لەوە دەکات کاتێک ئیدارەی بەندیخانەی نوگرەسەلمانی وەرگرتووە، ۴۰۰ زیندانیی عەرەبی تێدابووە؛ ئەوانیان گواستووەتەوە و لە شوێنیان ۳۰۰۰ زیندانیی کوردی خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێریان هێناوەتە بەندیخانەکە.

ناوبراو  دانی بەوەش دا ناوە کە "برسیکردنیان وەکو چەکێکی جەنگیی وێرانکەر بەکارهێناوە، کە لە بۆردوومانی سەربازی کەمتر نەبووە و تەنیا لە ماوەی ۱۰ مانگ دا یەک لەسەر سێی زیندانییەکان گیانیان لەدەستداوە".

عەجاج ئەحمەد حەردان عوبێدی، لە پارێزگای سەلاحەدین لەدایکبووە و دەرچووی خولی ۷ـی کۆلێژی ئاسایشی نیشتمانییە. لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی هەولێر، رومێسە، نەجمی، بسیە و موسەننا کاری کردووە، تاوەکو بووەتە سەرپەرشتیاری گشتیی بەندیخانەی نوگرەسەلمان. لەگەڵ زیندانییەکان زۆر دڵڕەق بووە، بۆیە زیندانییەکان ناسناوی "حەجاج"یان لێناوە، وەکوو ئاماژەیێک بۆ تووندوتیژی و دڵڕەقییەکەی.

رۆژی پێنجشەممە، ۳۱-۰۷-۲۰۲۵، نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق رایگەیاند: "تاوانبارێکی شاڵاوەکانی ئەنفال بە ناوی عەجاج ئەحمەد حەردان دەستگیرکراوە."

نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوا لە زیندانییان و کەسوکاری زیندانییان و بێسەروشوێنبووان دەکات، پەیوەندییان پێوە بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵا دژی ئەو "تاوانبارە".

دواتر هۆزی عوبێد ڕۆژی یەکشەممە، ۰۳-۰۸-۲۰۲۵، روونکردنەوەیەکیان لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو کەسە بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "ئەو کەسەی دەستگیرکراوە عەجاجەکەی نوگرەسەلمان نییە و کەسێکی بێتاوانە".

هەمان ڕۆژ، یەکشەممە ۰۳-۰۸-۲۰۲۵، ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، ناوی عەجاج ئەحمەد حەردانە و بە حەجاجی نوگرەسەلمان ناسراوە و ئێستا لەلایەن دەزگاکەیانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

ئەرشەد حاکم وتی: "ئەو کەسە لە لێکۆڵینەوەکاندا زۆر بەخێرایی دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی دژی کوردی کردوون." هەروەها گوتی: "پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە".

عەبدولکەریم عەبد فازڵ (ئەبو عەلی بەسری)، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، پشتڕاستی کردەوە کە دەستگیرکردنی عەجاج دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و دانپێدانانی ئەفسەرانی پێشووی ڕژێمی بەعس بووە، کە ئاشکرایان کردووە عەجاج ڕۆڵی سەرەکیی لە تاوانەکانی کۆمەڵکوژی و ڕاگواستنی زۆرەملێدا هەبووە.

 

 

News ID 225951

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha