گفتوگۆی ئیلهام ئەحمەد و ئەسعەد شەیبانی لەبارەی سیستەمی لامەرکەزی لە سووریا

نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەری کورد و حکوومەتی کاتیی سووریا لە دیمەشق بۆ درێژەدان بە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان هەردوولا کۆ بوونەتەوە و گفتوگۆیان لەبارەی شێوازێکی گونجاوی سیستەمی لامەرکەزی کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەیێکی کوردەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بڵاویکردەوە: ئێوارەی دووشەممە کۆبوونەوەیێک لەسەر داوای حکوومەتی سووریا لە نێوان ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئەنجام دراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆکان لەبارەی دۆزینەوەی شێوازێکی گونجاوی سیستەمی لامەرکەزی بوو، بەبێ ئەوەی خشتەی کاتی دیاری بکرێت بۆ جێبەجێ کردنی. هەروەها ئامانجی گفتوگۆکان جەخت کردنەوەبوون لە سەر "بەردەوامیی پرۆسەی دانوستان لە ڕێگەی لیژنەکان و بە چاودێری نێودەوڵەتی". هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی "هیچ بوارێک بۆ بژاردەیێکی سەربازی نییە".

هەروەها سەرچاوەیێکی حکوومەتی سووریا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە کۆبوونەوەکەی نێوان ئیلهام ئەحمەد و ئەسعەد شەیبانی ئەنجام دراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

بڕیاربوو ناوەڕاستی ئەم مانگە هەردوولا لە پاریس کۆ ببنەوە، ئەوەش بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی وەزیرانی دەرەوەی سووریا و فەرەنسا و نوێنەری ئەمریکا لە دیمەشق. ئەم ڕێککەوتنە دوای کۆبوونەوەی کۆتایی مانگی ڕابردوو لە پاریس هات بۆ جێبەجێ کردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی دوو قۆڵی کە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سووریا و مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ۱۰ی (ئازار/۳) بە سەرپەرشتی ئەمریکا واژۆ کرابوو.

 

News ID 225914

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha