بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگه‌یه‌ندراوێکی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی قوباد تاڵەبانی جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: قوباد تاڵه‌بانی پێشوازی کرد له گوینده‌لن گرین کۆنسووڵی گشتیی نوێی ئه‌مریکا له هه‌رێمی کوردستان و پێکه‌وه له‌باره‌ی چه‌ند پرسێکی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا گفتوگۆیان کرد.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا به ئاماده‌بوونی ستیڤن بیتنه‌ر کۆنسووڵی پێشووی ئه‌مریکا، قوباد تاڵه‌بانی به‌خێرهاتنی کۆنسووڵی نوێی کرد و هیوای سه‌رکه‌وتنی بۆ خواست له ئه‌رکه‌که‌یدا. هه‌روه‌ها سوپاسی هه‌وڵ و ماندووبوونه‌کانی ستیڤن بیتنه‌ر کۆنسووڵی پێشووی کرد له به‌هێزترکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌مریکا و هه‌رێمی کوردستان و به تایبه‌تیش هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌کانی بۆ له‌یه‌کترنزیککردنه‌وه‌ی بۆچوونی لایه‌نه کوردستانییه‌کان به‌رز نرخاند.
له ته‌وه‌رێکی دیکەی کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له گرنگیی به‌هێزترکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ردوولا کرا له بواره جیاوازه‌کاندا، له‌مباره‌یه‌وه جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم، په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریکا و کوردستانی به په‌یوه‌ندییه‌کی تایبه‌ت و مێژویی وه‌سف کرد و ڕایگه‌یاند: "هه‌رێمی کوردستان شانازی به‌و په‌یوه‌ندییه مێژوییه ده‌کات که له‌سه‌ر بنه‌مای به‌های هاوبه‌ش بونیادنراوه" و جه‌ختیشی کرده‌وه که ده‌بێت ئه‌و به‌ها هاوبه‌شانه له کوردستاندا به‌هێزتر بکرێن.
له به‌شێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له هه‌وڵه‌کانی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی هه‌رێمی کوردستان کرا و هاوڕابوون له‌سه‌ر پێویستیی پێکهێنانی حکوومه‌تێکی به‌هێز و یه‌کگرتوو له ماوه‌یێکی نزیکدا.
سه‌باره‌ت به کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و پرسه‌کانی هه‌نارده‌کردنه‌وه‌ی نه‌وت و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، قوباد تاڵه‌بانی به ئاماژه‌دان به‌و ڕێککه‌وتنه‌ی ئه‌م دوایانه جه‌ختی کردوه که هه‌نارده‌کردنه‌وه‌ی نه‌وت، کلیلی چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی کێشه‌ی مووچه و بوودجه‌یه و ڕوونیشی کرده‌وه که له هه‌وڵی به‌رده‌وامدان بۆ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێم.
Your Comment