بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد شیاع سوودانی، لەکاتی بەشداری کردن لە یادی شۆڕشی ۲۰م لەگەڵ سەرۆک هۆزکانی پارێزگای بابل ڕایگەیاند: دیارترین تایبەتمەندیەکانی شۆڕشی بیستەم پشتبەستن بە فەتوای مەرجەعییەتی باڵای ئایینی و هەڵویستی باشی هۆزەکان لە هەموو پێکهاتەکان بوو.
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی ئەمڕۆ دەیبینین، لە سایەی خوێنی شەهیدانەوەیە، کە لە شەڕی دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆرەوە دەستیپێکرد تاکوو کۆتایی شەڕی تیرۆر. مەرجەعییەتی باڵای ئایینی ئامادە بووە لە بنیاتنانی دەوڵەتدا لە ڕێگەی چەندین ڕێنمایی و ئامۆژگارییەوە.
سوودانی باسی لەوەش كرد، ڕێگە بە هیچ تاک و قەوارەیێک نادەین لەسەر بنەمای ئایین یان بیروباوەڕ، پێوەر و پۆلێن کردن بۆ کۆمەڵگا دابنێت و هیچ کەسێک لە پاراستنی ئاسایش و یەکڕیزی و سەروەری وڵاتدا خۆی لە ڕۆڵەکانی گەل بە زیاتر نەزانێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشیخستەڕوو، سنوردارکردنی هەڵگرتنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، پایەی بنەڕەتی دەوڵەتێکی بەهێز و و شکۆمەندە، هیچ لایەنێک مافی دەستبەسەرداگرتنی ئەم بڕیارە و جێگرتنەوەی دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی نییە.
سوودانی دەشڵێت: "پێویستە لە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری و تێگەیشتن بین لە مەترسی دۆخ و ئاستەنگەکانی ناوچەکە. پابەند بوین بە سیاسەتی ژیرانە و هاوسەنگی لە نێوان هەڵوێستی پرەنسیپیمان لە ڕەتکردنەوە دەستدرێژییەکان و هەوڵە سیاسی و یاسایی و میدیایی و فریاگوزارییەکانمان".
Your Comment