دەروازەی قائیم کرایەوە/ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق و سووریا دەستیپێکردەوە

دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە دەروازەی سنووریی قائیم راگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی دەروازە سنوورییەکان بڵاویکردەوە، لەپاش تەواوبوونی ڕێکارەکان و ڕەزامەندیی حکوومەتی عێراق، یەکەم بارهەڵگری سووری لە دەروازەکەوە، لەپاش پشکنین و ڕێکارەکانی مانەوەی؛ داخڵی عێراق بووە و لەو سنوورە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستیپێکردووەتەوە.

لەگەڵ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکەدا، جمجۆڵی گەشتیارانیش دەستیپێکردووەتەوە ئەوەش لەپێناو ئاسانکردنی هاتوچۆی ئەوان لە هاتن و چوونیاندا، جگە لەو کەسانەی بۆ کارکردن دێنە دەروازەکە.

دەستەی دەروازە سنوورییەکان دەڵێت، کردنەوەی دەروازەکە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عێراق و سووریا هەنگاوێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی هەماهەنگیی ئابووری بەجۆرێک خواست و ویستی هەردوو وڵاتەکە پڕبکاتەوە.

ئەوەش هاتووە، کردنەوەی ئەو دەروازەیە بەشداردەبێت لە بەدیهێنانی سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووری و لەرێگەیەوە داهاتی حکوومەت زیاد دەکات و خواستی بازاڕیش پڕدەکاتەوە.

دەروازەی سنووریی قائیم، دەروازەی سەرەکیی نێوان عێراق و سووریایە، دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار و لە دیوی سووریاشەوە دەکەوێتە سنووری ئەبووکەمال لە پارێزگای دێرەزوور.

News Code 225594

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha