تورکیا و هەسەدە دانوستانی ڕاستەۆخۆیان ئەنجام داوە

لەدرێژەی گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکان لە سووریا هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی سووریای دیموکرات و توركیا بە نێوەندگیری ئەمریکا گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان ئەنجام داوە

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێگەی "میدل ئیست ئای" بەریتانی لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی كردووەتەوە: هەفتەی ڕابردوو تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئایندەی سووریا ئەنجام داوە، بە نێوەندگیری ئەمریکا.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، هەردوولا تاتوێی کشانەوەی ئەمریکایان لە سووریا کردووە، وێڕای ڕادەستکردنی زیندان و کەمپەکانی دەستبەسەركردنی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی و خێزانەکانیان.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە بەرپرسانی ئاست مامناوەندی هەردوولا ئامادەی بوون، تیشک خراوەتە سەر چۆنیەتی تێکەڵ کردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەناو سوپای نوێی سووریا، لە ژێر فەرماندەیی دیمەشقدا.
هەرچەندە سەرچاوە ئاگادارەکان لە ئەنكەرە پێیان وایە، لە ساڵی ڕابردووەوە تا ڕادەیێک هەندێک پەیوەندی لە نێوان تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکراتدا هەبووە، بەڵام ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی نێوان هەردوولایە کە ئاشکرا بکرێت، بە بەشداری ئەمریکا.
ئەنقەرە و پارتی كرێكاران، لە ساڵی ڕابردووەوە کار لەسەر ڕێککەوتنێکی بەناو ئاشتی دەکەن، (پەکەکە) لە وەڵامی بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرکردە زیندانیکراوەکەی، مانگی شوباتی ڕابردوو ڕایگەیاند، کۆتایی بە خەباتی چەکداری خۆی دەهێنێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.
وەک بەشێک لەم دەستپێشخەرییە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات، کە دەوترێت کوڕی بەخێوکراوی ئۆجەلان بووە لە ماوەی مانەوەی لە سووریا لە ساڵانی نەوەدەکاندا، لە مانگی ئازاردا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ڕێککەوتنێکی مێژویی واژۆکرد و بەڵێنی دا پەیوەندی بە حکوومەتی ناوەندی سووریاوە بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، لەو کاتەوە، هێزەكانی سووریای دیموكرات و قەوارە سیاسییە کوردییەکانی دیکە، داوای دەوڵەتێکی فیدراڵییان کردووە، لەبری دەوڵەتێکی یەکگرتوو لە سووریا، كە هێشتا فیدراڵیزم بەلای ئەنقەرەوە هێڵی سوورە.
لەم چەند مانگەی دواییدا، هێزەکانی هێزەكانی سووریای دیموكرات و حکوومەتی سووریا، لە نزیک بەنداوی تشرین سووكە پێکدادانێكیان بوو، بەڵام ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاماژەن دەكەن بۆ بەرەوپێشچوون لەبارەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان و، رێگەدان بە شاندێکی دیمەشق بۆ سەردانیكردنی کەمپەکانی داعش لە مانگی ڕابردوودا.
سەرچاوەکان بە "میدل ئیست ئای"یان ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە گرنگە، چوونکە ئاماژەیە بۆ هەماهەنگی نێوان ئەو لایەنانەی کە کەمتر لە ساڵێک لەمەوبەر ئەجێندای ململانێیان هەبووە.
عەبدی دەڵێت: "پەیوەندی ڕاستەوخۆ و کەناڵی ڕاستەوخۆی پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا هەیە، هەروەها لە ڕێگەی نێوەندگرانەوە، هیوادارین ئەو پەیوەندییانە پەرەبسەنن".
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە "میدل ئیست ئای"ی ڕاگەیاندووە، وەزارەتەکە هیچ لێدوانێک لەسەر دانوستانە دیپلۆماسییە تایبەتەکان نادات.
ئەو بەرپرسە دەڵێت: "ئێمە بەدواداچوون بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ۱۰ی ئازار لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و چۆنیەتی گەڵاڵەكردنی وردەكارییەكانی دەكەین.
ئاماژەی بەوەش کردووە: هەنگاوەکان بەرەو تەواوكاری ئاشتیانەی نێوان هێزەکانی حکوومەت و هەسەدە بە ئاماژەی هاندەر دادەنرێت بۆ بەرەوپێشچوون.
هەفتەی ڕابردوو پێگەی "ئەلمۆنیتۆر" بڵاویکردەوە، تورکیا پێشنیازی کۆبوونەوەی نێوان عەبدی و بەرپرسێکی باڵای تورکیای کردووە، کە ڕەنگە وەزیری دەرەوە یان سەرۆکی هەواڵگری بێت. بەڵام سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەپەلە ئەم ڕاپۆرتەیان ڕەت کردەوە.
ئەمریکا هانی هێزەكانی سووریای دیموكرات دەدات، بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ دیمەشق، تۆماس باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ تورکیا و سووریا بە کەناڵی "ئێن تی ڤی" تورکیای ڕاگەیاندووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات هێشتا لەژێر پاراستنی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکادا ماونەتەوە.
سەرچاوە ناوخۆییەكان لە ئەنقەرە بە "میدل ئیست ئای"یان ڕاگەیاندووە، لە کاتێکدا ڕەنگە حکوومەتی تورکیا ناوچەیێکی ئۆتۆنۆمی نافەرمی قبووڵ بكات، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات بتوانن هێزێکی ئاسایشی ناوخۆیی لە ناوچە زۆرینە کوردییەکان هەبێت و حکوومەتی خۆجێی لەگەڵ دەسەڵاتە شارەوانییەکان بەڕێوەببەن، بەڵام هەر هەنگاوێک بەرەو ئۆتۆنۆمی فەرمی، وەک هێڵی سوور دەمێنێتەوە.

News Code 225542

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha