کوردپرێس: بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی تایبەتەوە دەست شارپرێس کەوتوون، مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی دادگەریی بەنیازە لە کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەیدا خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید نەکاتەوە و ئەگەر داواشی لێبکرێت جارێکی تر ببێتەوە بە سەرۆکی حزبەکەی، ئەوا داواکە ڕەت بکاتەوە و وەک خۆی وتوویەتی: "دەیەوێت ئەو ژیانەی ماویەتی بۆ بواری کۆمەڵایەتی و نووسین و بابەتە شەرعییەکانی تەرخان بکات".
سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە: "ئەو بابەتە لەنێو بەشێک لە ئۆرگانەکانی حزبەکەیدا باس دەکرێت و مامۆستا عەلی باپیر لەچەند بۆنەیێک و لای چەند کەسێک ئەو نیازەی خستوهتەڕوو، بەڵام تائێستا بە فەرمی هیچ بابەتێک لە کۆبوونەوەکان باس نەکراوە و هیچ کەسیش تائێستا ئامادەیی دەرنەبڕیوە بۆ جێگرتنەوەی سەرۆکی ئێستای کۆمەڵ".
هەر بەوتەی سەرچاوەکەی، مامۆستا عەلی باپیر کە ماوەیێکی زۆرە لەچاوی کامێراکان دوور کەوتووهتەوە و بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانیشی بە ئۆرگانەکانی حزبەکەی بەخشیوە، پێیوایە ئیدی دەبێت بچێتە دواوە و کەسێکی تر سەرۆکایەتی کۆمەڵ بکات.
زانیاریەکان باس لەوەدەکەن، مامۆستا عەلی باپیر لەگەڵ چەند کەسێک گفتوگۆی لەسەر ئەم بابەتە کردوەو وتوویەتی: "ئەگەر زۆریش تهکلیف بکرێم، ڕەتی دەکەمەوە سەرۆکایەتی بکەم و پێم باشە لەم قۆناغەدا ئەگەر لە دووریشەوە بێت پشتیوانی کۆمەڵ بکەم نەک سەرۆکایەتی ڕاستەوخۆی ئۆرگانەکانی حزب".
بڕیارە کۆمەڵی دادگەریی لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ کۆنگرەی پێنجەمی خۆی ببەستێت و هەموو ئامادەکارییەکان تەواو کراون و ئەندامانی کۆنگرە دیاری کراون و کۆنفرانسە ناوخۆییەکان بەڕێوەدەچن وەک هەنگاوی یەکەمی کۆنگرە، لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تائێستا مامۆستا عەلی باپیر سەرۆک و ئەمیری کۆمەڵی دادگەرییە.
Your Comment