بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆ بووەوە و لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، دوایین پێشهاتەکانی پرسی نەوت و ڕێکخستنەوەی کاروباری خانەنشینان تاوتوێ کران.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هیچ بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت".
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، باسی لە دوایین پێشهاتەکان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای بودجەی عێراق.
کەمال محەممەد جەختی کردەوە، "وەزارەتەکەیان ئەوەندەی پەیوەندی بە حکوومەتی هەرێم هەبێت، پابەندییەکانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ کردووە" و "هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە نییە" بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و دانانی داهاتەکەی لە گەنجینەی گشتیی فیدراڵی.
لە کۆبوونەوەکەدا ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاریی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و کۆمپانیا نەوتییەکان خستەڕوو، ئاماژەیان بەوەدا کە هەندێک بڕگە پێشڤەچوونی باشی بەخۆوە بینیوە و هەوڵەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی خاڵەکانی دیکە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە کۆمپانیاکانەوە، بەردەوامن.
ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ دانوستانەکان دووپات کردەوە و داوای لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، کۆمپانیا نەوتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ کرد کە "لە هاوئاهەنگی و دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا، بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە و بگەنە ڕێککەوتن" و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دا لەوەی زیانی دارایی بە گەنجینەی گشتی بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە "دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە."
Your Comment