سوپای تورکیا لە بەرزاییەکانی ئاسۆس بڵاوکراوە فڕێدەداتە خوارەوە

سوپای تورکیا لە بەرزاییەکانی چیای ئاسۆس لە هەرێمی کوردستان بڵاوکراوە فڕێدەداتە خوارەوە و داوای خۆڕادەست کردنی چەکدارانی PKK دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەو بڵاوکراوەیەدا کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بە درێژایی چیای ئاسۆس و لە دەوروبەری گوندەکانی گەڵاڵە، باساوێ، سەفرە و زەروون لە سنووری قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی خراوەتە خوارەوە داوای لە چەکدارانی پەکەکە کراوە بەدەم بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە بچن و دەنووسێت: "عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی کردووە، بەدەم بانگەوازەکەیەوە وەرن!".

دانیشتوویێکی گوندی گەڵاڵە لەمبارەوە دەڵێت: "لە دوای کاژێر ۰۳:۰۰ـی دوانیوەڕۆی دوێنێ، دوو فڕۆکەی سوپای تورکیا نزیکەی کاژێرێک بە ئاسمانی ناوچەکەمانەوە سووڕانەوە و چەندین بڵاوکراوەیان فڕێدایە خوارەوە."

بڵاوکراوەکەی سوپای تورکیا تێیدا نووسراوە:

- عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی کردووە، بەدەم بانگەوازەکەیەوە وەرن!

- بزانن هەڤاڵەکانت کە خۆیان ڕادەست کردووە چی دەڵێن:

"من دەلالم، خۆم رادەست کرد، دەوڵەت منی پاراست. هەموو تەلەڤیزیۆنەکان دەڵێن کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە پەکەکە دەڵێت، پێویستە خۆی هەڵوەشێنێتەوە. لە ئەشکەوت وەرنە دەرەوە، ئێمە چاوەڕوانتانین."

"من جیهادم، پێیان نەدەگوتین کە سەربازە تورکەکان هێندە باشن. ئاسوودەم، خواردنی گەرمیان پێم دا، زۆر باش ئاگادارمان بوون، دوای چەندین ساڵ، رێگەیان دا چاوم بە خێزانەکەم بکەوێت."

"من دەڤریم سەرحەدم، دۆخم زۆر باشە، برینپێچی بۆ قاچم دەکرێت، ئێوەش خۆتان رادەست بکەن و بەرەو ژیانی ئازاد وەرن."

"من شەڤگەرم، لە پیردۆگان بووم، خۆم رادەستکرد، هەموو خواستێکی منیان بەجێگەیاند."

- وەرن! ئەم دەرفەتە لەدەست مەدەن! خۆت بە لێبووردەیی دەوڵەت بسپێرە، باوەڕمان پێبکەن! لە ئەشکەوت وەرە دەرەوە.

- بەرلەوەی زۆر درەنگ بێت، هەڵبژێرە کە لەگەڵ ئەزیزەکانت لە ئاشتیدا بژی. 

News ID 225258

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha