سەرۆکی پارتی لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاو کردەوە

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاو کردەوە و دەڵێت: هیوادارم هەنگاوێک بێت بۆ ساڕێژبوونی ئازارەکان

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی بەبۆنەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەڵێت: هیودارم بەپارێزگاکردنی شارەکە هەنگاوێک بێت بۆ خزمەتکردن و بووژانەوەی زیاتری ئەم دەڤەرە قوربانیدەرەی کوردستان و ساڕێژبوونی برین و ئازارەکانی هاووڵاتیانی هەڵەبجە."

دەقی پەیامەکەی بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

دەستخۆشی و سوپاسی خۆم ئاراستەی سەرۆکایەتی و هەموو ئەو ئەندام و کوتلە سیاسیانەی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە ڕۆڵی ئەرێنیان بینی لە پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە. هەروەها دەستخۆشی لە فڕاکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم کە بە یەکدەنگی و یەکڕیزی ئەو دەستکەوتەیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە و کوردستانیان مسۆگەر کرد و هاوکاری یەکتر بوون بۆ دەنگدان و پەسەندکردنی پڕۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی خۆشەویست و پێزانینم بۆ ڕۆڵی هەموو ئەو بەڕێزانە هەیە کە هەوڵیان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە داوە.

هەروەها پیرۆزباییەکی گەرمیش لە خەڵکی خۆشەویستی هەڵەبجە و هەموو کوردستانیانی ئازیز دەکەم.

هیوادارم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هەنگاوێک بێت بۆ خزمەتکردن و بوژانەوەی زیاتری ئەم دەڤەرە قوربانیدەرەی کوردستان و ساڕێژبوونی برین و ئازارەکانی هاووڵاتیانی هەڵەبجە.

هەر لەو بۆنەیەدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان دەنێرین و هیوای خێر و خۆشی بۆ خەڵکی هەڵەبجە و هەموو کوردستانیان دەخوازین.

 

News Code 225231

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha