بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەندامانی شاندی ئیمرالی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار کۆ بوونەوە و دیدارەکە نزیکەی کاتژمێرێک و ٢٥ خولەکی خایاند.
پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە سری سورەیا ئۆندەر بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە ئەندامێکی شاندی دەم پارتییە، ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکە ئەرێنی بوو و هیوای زۆر زیاترمان هەیە".
ناوبراو وتیشی: "لەم بابەتەدا ڕۆڵی سەرۆک کۆمار زۆر گرنگە، دەمانەوێت ئاشتی پێکبهێنین".
لای خۆشییەوە پەروین بوڵدان وتی: "دیدارێکی زۆر باش بوو، پرۆسەکە باش بەڕێوەدەچێت".
بوڵدان هیواشی خواست ئەم دیدارە بۆ تورکیا ببێتە مایەی خێر و ببێتە هۆکاری بەرقەرارکردنی ئاشتی.
هاوکات شاندی ئیمرالی لە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە: "کۆبوونەوەکەی نێوان شاندەکەمان و سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەییب ئەردۆغان زۆر ئەرێنی بوو، کەشێکی زۆر لەبار و بۆ داهاتوو هیوابەخش بوو".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سەرنج خرایە سەر ئەو پڕۆسەیەی ئێستا و هەنگاوەکانی دواتر کە دەبێت بنرێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا، دیاریکرا کە بۆ کۆتایی هاتنی شەڕ و توندوتیژی، دروستبوونی گۆڕەپانێکی دیموکرات و سیاسی بۆ وڵاتەکەمان، گەلەکەمان و ناوچەکە گرنگییەکی ژیانییە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، پارت و شاندەکەیان بۆ ئەوەی بە بەهێزتر و بە ئیرادەیەکی هەستیارەوە ئەو پرۆسەی لە پێشیانە و بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، درێژە بە کارەکانی خۆی دەدات، لە ئەمڕۆوە ئەو خاڵەی کە پێی گەیشتوون ڕادەگەیەنن کە لە دوێنێ زیاتر هیوابەخشە، بە ڕاگەیاندنی ئەمە زۆر دڵخۆشن.
هەروەها هاتووە: "سوپاسی خۆمان پیشکەش بە پێشنیار، ئاگادارکردنەوە و ڕەخنە بەهێزەکانی هەموو لایەنە سیاسی، حزبی و لایەنە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین کە تا ئێستا بۆ ئەم پرۆسەیە کراون".

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا کۆتاییهات و ئەندامانی شاندەکە و بەیاننامەی حزبەکەش کۆبوونەوەکەیان بە ئەرێنی وەسف کردووە.
News Code 225194
Your Comment