بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دانیشتنی پەرلەمانی ئێران بۆ لێپێچینەوە لە عەبدولناسر هیممەتی، وەزیری ئابووری و دارایی بەڕێوەچوو و لە دانیشتنەکەدا سەرۆککۆماری ئێران ئامادە بوو.
دوای ئەوەی مەسعوود پزیشکیان، بەرگری لە وەزیری ئابووری و دارایی کرد، هیممەتیش بەرگریی لە کارەکانی خۆی کرد و وتی لەماوەی کارکردنیدا توانیویوتی بە رێژەی ۱۰٪ هەڵاوسان کەم بکاتەوە، پەرلەمانتارانیش تێبینییەکانی خۆیان خستەڕوو، پاشان وەرگرتنەوەی متمانە لە ناسر هیممەتی خرایە دەنگدانەوە و لە کۆی ۲۷۳ پەرلەمانتار ۱۸۲ـیان دەنگیان بە بەڵێ و ۸۹ـیان بە نەخێر دا و بەمشێویە هیممەتی لە پۆستەکەی دوور خرایەوە.
بەپێی مادەی ۱۳۵ لە دەستووری ئێران، سەرۆککۆمار پێویستە بۆ ماوەی سێ مانگ چاودێرێک بۆ وەزارەتەکە دیاری بکات.
Your Comment