پرۆسەی ئاشتی لە نێوان خواست و فشاردا/ ئەمیر مام والی

باسکردنی ئاشتی و هێنانە کایەیی ئەم پرسە لە لایەن سەرۆک کۆماری تورکیاوە تازە نیە و یەکەمجاریش نیە، ئەمە چەندین جارە کە لەلایەن سەرانی دەوڵەتی تورکیاوە پرسی چارەسەری کێشەی کورد دەکرێت، بەڵام هەر جارەو بەهۆکارێک لە هۆکارەکان پرسەکە کۆتایی پێهاتووە و پەلی هاوێشتوە بۆ بەکارهێنانی هێزی چەک.

مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو لە (کەمال ئەتاتورکەوە بۆ ڕەزا شا، لە ڕەزا شاوە بۆ سەدام حسێن، لە سەدام حسێنەوە بۆ بەشار ئەسەد، لەمیشەوە بۆ ئەردۆغان)، سەلماندوویەتی کە پرسی کورد پرسێک نیە بە چەک حەل بکرێت، لە سەد ساڵی ڕابردوودا نەیارە جیاجیاکانی گەلی کورد دەیان ڕێگەیان بۆ لەناوبردنی ئەم گەلە تاقی کردەوە، ڕێگای ئاسمانی بە بەکارهێنانی کیمیایی تاقیکرایەوە و سوودی نەبوو، ڕێگەی زەمینی تاقیکرایەوە و سوودی نەبوو، تەعریب و تەهجیر تاقیکرایەوە سوودی نەبوو ئەم گەلە هەر لەناو نەچوو.

ماوەی چەند مانگێکە دەوڵەتی تورکیا باس لە پرۆسەی ئاشتی دەکات، لەکاتێکدا کە ئامادە نیە وەک نیەت پاکی (عەبدوڵا ئۆجالان)، ئازاد بکات، پرۆسەی ئاشتی پرۆسەیێکی قورسە بۆ کوردانی باکووری کوردستان (چوونکە چەندین جار بەڵێنیان پێدراوەو بەڵێنەکان شکێندراوە).

وەک باس دەکرێت پرسی ئەمجارە تەواو جیاوازە، ئەوەش بە خوێندنەوەی بەندە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک:

١- لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان خەونی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی دەبینێت و هەموو هەوڵەکانی لەو پێناودا چڕکردۆتەوە، ڕووخانی ئەسەد و هاتنی حکوومەتی نوێ لە سووریاش بەشێکە لەو پلانەی تورکیا، تورکیا پەکەکە وەک بەربەستێک دەبینێت لەبەردەم ئەو پلانەدا، وە دەزانێت تا کارتی پەکەکە نەسووتێت ئەستەمە ئەو خەونە بەدی بێت.

٢- دۆخی ئابووری تورکیا ڕوویی لە خراپیە و بەهای دراوی تورکیا کە لیرەیی تورکیە بەرانبەر بە دۆلار زۆر دابەزیوە، ڕەنگە ئەمەش هۆکارێک بێت بۆ کەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، هەربۆیە ئەردۆغان دەیەوێت لە ڕێگای پرۆسەی ئاشتیەوە دڵی کوردەکان بە دەست بهێنێتەوە و مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات لە خولی داهاتوودا.

٣- تورکیا زۆر باش دەزانێت و تێگەیشتوە کە دەبێت یەکێک لەم دوو بەرەیە هەڵبژێرێت: یان بەرەی (برێکس) کە ڕووسیا و چین تیایدا باڵادەستن، یانیش بەرەی ڕۆژئاوا و ئەمریکا (ناتۆ).

تورکەکان دەزانن کە لە حاڵەتی هەڵبژاردنی هەر بەرەیەکیاندا دەشێت کارتی پەکەکە وەک دژ لە لایەن بەرەی بەرانبەرەوە لە دژی بەکاربێت.

 کەواتە دەتوانین بڵێین: باسکردنی پرۆسەی ئاشتی لەم کاتەدا زیاتر فشارە لەسەر تورکیا نەک ئیختیاری سەرانی تورکیا بێت. تورکیا دەیەوێت هەرچی زووترە کارتی پەکەکە لەناو ببات و ئەو مەقاشە لە دەستی نەیارەکانیدا ورد بکات تاوەکوو هیچ بەربەستێک لە بەردەم ئامانجەکانیاندا دەمێنێت.

News Code 224958

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha