بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئیتالییەكەی، پێشوازی لە بانگەوازی ئیتالیا كرد بۆ لابردنی سزاكانی سەر سووریا و جەختی لەوە كردەوە كە “گرەنتی لە مافەكان پایەیەكی بنەڕەتییە بۆ سەلامەتی و یەكێتی سووریا".
وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی لەوە كردەوە كە ئەو سزایانەی بەسەر سووریادا سەپێنراون، بەربەستێكن لەبەردەم بوژانەوەی وڵاتەكەدا.
شەیبانی ڕایگەیاند، سەرۆكایەتی شاندێكی باڵا دەكات بۆ گەشتێكی ئەورووپا بۆ بەرزكردنەوەی هاوكارییەكان و دەشڵێت: ئێمە پابەندین بەو پرەنسیپ و بەهایانەی كە مافەكانی مرۆڤ لەژێر سەروەری یاسادا بەرەوپێش دەبەن.
سەردانەكەی وەزیری ئیتاڵیا دوای ئەوە دێت، ڕۆژی پێنجشەممە، وەزیرانی دەرەوەی ئیتاڵیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریكا، لەگەڵ كایا كاڵاس، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا، لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێشهاتەكانی دۆخی سووریا.
وەزیری دەرەوەی ئیتالیا دەڵێت "مەبەست لەم سەردانە ڕاگەیاندنی یەكەم پاكێجی هاوكاریی گەشەپێدانە بۆ سووریا، كە دوای زیاتر لە ۱۳ ساڵ شەڕ، ئیتالیا لە پاڵ گەلی سووریا وەستاوە بۆ بەرزكردنەوەی سەقامگیری سیاسی و دەستەبەركردنی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ".
ئاماژەی بەوەشكرد، تیشكیان خستۆتە سەر بەرەنگاربوونەوەی چالاكییە تاوانكارییەكانی وەک قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەكان، بازرگانی كردن بە مرۆڤ و كۆچبەری نایاسایی، جەختیان لەسەر یەكگرتوویی خاكی سووریا و هاندانی گەڕانەوەی سەلامەتی سەرجەم هاوڵاتیانی سووریا كردەوە.
شاندێكی ئیتاڵیا بە سەرۆكایەتی ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گەیشته دیمەشق.
News Code 224689
Your Comment