سێ مانگ چاوەڕوانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت؛ کۆبوونەوەى بێ ئەنجامی پارتى و یەکێتى

دوای سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هێشتا کابینەی نوێ پێکنەهێنراوە و کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆتایی هات بێ ئەوەی ئەنجامێکی ببێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بڕیارە کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت و لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانە دەکەن کە دوێنێ لەسەریان نەگەیشتنە رێککەوتن.

کۆبوونەوەکەی دوێنی لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو و ماوەی حەوت کاتژمێری خایاند.

ئەندامانی شاندی پارتی پێکهاتوون لە، پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح، ئەندامانی شاندی یەکێتیش پێکهاتوون لە، رێواس فایەق، ئامانج رەحیم و شاڵاو جەمال.

لەمبارەوە سەرچاوەیەک لە لیژنەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی دوێنێ گفتوگۆی ورد لەبارەى چۆنیەتی و شێوازی سیستمی حکومڕانیی هەرێمی کوردستان کراوە و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەدوولا هەبووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشى، ئەگەر چوارشەممە بتوانن لەسەر ڕەشنووسێکی هاوبەش بگەنە رێککەوتن ئەوا رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەردوولا بەڕێوەدەچێت، ئەگەر کارەکانی لیژنە هاوبەشەکەش تەواونەبوون، کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکار دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.

سەرەکیترین خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی، چۆنیەتی سیستمی حکومڕانی و ناهاوسەنگییە لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان.

هاوکات، یه‌كێتی له‌ ئاماده‌كردنی ره‌شنووسه‌كه‌دا پێداگری كردووه‌ له‌وه‌ی شێوازی حكومڕانی بگۆڕدرێت و هاوسه‌نگی له‌ به‌ڕێوه‌بردندا هه‌بێت، بەڵام پارتی دەیەوێت ئەم شیوازە حکومڕانییەى ئێستا وەکوو خۆى بمێنێتەوە.

News Code 224676

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha