بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە ژان نۆویڵ بارۆ و مەزڵووم عەبدی پێشهاتەکانی سووریایان تاوتوێ کردووە و ئاماژەیان بە گرنگیی بەردەوامیدان بە پرۆسەی سیاسیی داوە، ئەمەش بەر لەوەی ڕۆژی هەینی ۳ـی کانوونی دووەم سەردانی دیمەشق بکات و چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئیدارەی نوێی سووریا بکەوێت.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ سووریا، داوای لە بەرپرسانی ئیدارەی نوێی وڵاتەکە کردبوو لەگەڵ لایەنی کوردیدا بگەنە چارەسەرێکی سیاسی.
ژان نۆویڵ بارۆ لە دیدارێکیدا لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵی مەدەنی لە دیمەشق، کوردی بە هاوپەیمانی فەڕەنسا ناوبردبوو، داوایکردبوو بە تەواوی لەو پرۆسە سیاسییەدا بەشداربن، کە ئێستا لە سووریا دەستیپێکردووە.
هاوکات ژمارەیەک میدیای عەرەبی وردەکاریی زیاتریان لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و فەرماندەی گشتیی هەسەدە بڵاوکردەوە، بەگوێرەی سەرچاوەکان بارۆ و عەبدی گفتوگۆیان لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کردووە، لەنێویاندا هێرشەکان بۆ سەر بەنداوی تشرین و دروستکردنی هەڕەشە لەسەر کۆبانێ.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جەختی کردووەتەوە، پێویستە شەڕ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ڕابگیرێت و SDF ڕۆڵی گەورە لە قۆناغی ڕاگوزەری سووریادا ببینێت.
Your Comment