کوردپرێس: لە بارودۆخێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا گیرۆدەی گۆڕانکاری بەرفراوان و ڕووداوی چارەنووسساز لە سووریا و عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەیە، دەوری کورد وەکوو هێزێکی کاریگەر لە ناوچەکە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. شاڵاو داوودی، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی نووسینگەی ئەم حیزبە لە دووزخورماتوو لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕەهندەکانی کاریگەریی ئەم پێشهاتانەی لەسەر کورد و ڕێکارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و دیکەی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تەحەدا و ئاستەنگانەی ناوچەکە خستە ڕوو. لە گرفتەکانی بەردەم بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کوردستانی سووریا تا پێگەی کورد لە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم گفتوگۆیەدا بەشێوەیەکی گشتگیر و شەفاف و ڕەخنەگرانە باسی لێوەکرا.
شاڵاو داوودی هەروەها باسی لە چەند بابەتێکی گرینگی دیکە لەوانە گرینگ بوونی یەکخستنەوەی ناو ماڵی کورد و وانە مێژووییەکانی دووبەرەکی و کاریگەریی سیاسەتە ناوچەییەکان لەسەر چارەنووسی کوردی شی کردەوە و ئاماژەی دا بە شکست و دەرفەتەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە سیاسەت کردندا و هەروەها ڕێکارەکانی بووژاندنەوەی بزووتنەوەکە و دووبارە بەدەست هێنانەوەی متمانەی خەڵکی بەم هێزە سیاسییە تاوتوی کرد.
دەقی گفتوگۆی کوردپرێس لەگەڵ شاڵاو داوودی ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان:
کوردپرێس: ئێوە وەکوو ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان پێتان وایە کە ئەو گۆڕانکاریە کە لە ناوچەکە ڕوویداوە کاریگەریی لەسەر کورد چی ئەبێت؟
شاڵاو داوودی: لەسەر ئەو پرسانەی کە لە ناوچەکە هاتۆتە ئاراوە جێی خۆیەتی دەیان بەرنامە و دەیان کەسی شارەزا و پسپۆڕ بە زانستییانە و سیاسیانە بدوێن. هەروەها کە دەزانین سەدەیەک بەسەر ڕێککەوتنامەی سایکسپیکۆ کە دابەشکاریی سەر ناوچەکەی تێدا کراوە، دوای تێپەڕبوونی ئەم سەدەیە و دوای شۆڕشی بەهاری عەرەبی ئێستا دوابارە دەبینین کە ناوچەکە هەندێک ڕووداوی زۆر خێرا بەخۆوە دەبینێت. بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە هەندێک لەم ڕووداوانە پێوەندیی بە داهاتی ئەم ناوچانەوە هەیە واتا ئەم ناوچەیە بەهۆی چاوتێبڕینی وڵاتانی زلهێز لە بەرامبەر گۆڕانکارییێکی زۆر خێرادان.
لەئاست ڕووداوەکانی ئەمدواییانەدا واتا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر فەلەستین و بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە و هەروەها گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەی سووریا، حەقی خۆیەتی گەلانی ناوچەکە بەگشتی، و بەتایبەتی کورد زۆر بە ژیرانە مامەڵە بکەن و زۆر خوێندنەوەی زانستییانە بۆ ئەم بابەتانە بکەن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ گۆڕانکارییەکان کە ڕوو لە ناوچەکە دەکەن.
کوردپرێس: پاش ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و هەروەها پێکهێنانی دەوڵەتی ئینتیقاڵی لەلایەن گرووپی تەحریری شام کە ئێستا لە دیمەشق حوکم ئەکەن، کورد کەوتە جووڵە و حزبەکەی ئێوەیش هەروەها، بەڕێز کاک دانا ئەحمەد مەجید لەگەڵ بەڕێز مەسعوود بارزانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا، ئایا لەو کۆبوونەوەدا باسی ئەم دۆخە کراوە؟ ئامانج لەو کۆبوونەوەیە چی بوو و ئەنجامەکانی چی بوون؟
شاڵاو داوودی: ئێمە ئەگەر وەکوو گەلی کورد بگەڕینەوە بۆ مێژوو کە هەمیشە لە دەرەوەی ڕووداوەکان بەشی خوراوە. دەبێت گەلی کورد بەشێوەیەکی زۆر ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکات. چوونکە کورد لە ئێستا دا یەکێکە لەوانەی کە حیسابی سیاسیی بۆ ئەکرێت و لەمدواییانەشدا تا ڕادەیێک حیسابی سەربازیی بۆ ئەکرێت. ڕووداوەکانی سووریا بەشێکی دەکەوێتە خاکی کوردەکانەوە. ئەبینین کە هەسەدە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دروست کرد لە دوای ڕووداوەکانی ۲۰۱۱ کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ پرسی کورد و دەبێت کورد سوپاسی ئەو وڵات و لایەنانەش بکات کە پشتیوانیان بوون چە لە ڕووی چەک و کەرەستەی سەربازی چ لە ڕووی سیاسی، باشووری کوردستان لەگەڵ ڕۆژاوای کوردستان حەڵقەیەکی لێکدراوە بۆیە کاردانەی باش لەسەر ڕۆژاوای کوردستان لێکەوتە سیاسی جیددی ئەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و لەسەر عێراق بەگشتیش.
ئەگەر ئێمە سەیری لێدوانی بەڕێز نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بکەین کە وتی "ئەگەر دیمەشق بکەوێت بەغدادیش ئەکەوێت". واتا سووریا و عێراق پێکەوە گرێ دراون کوردیش لەو دوو وڵاتە بوونی هەیە کە واتا ئەم ڕووداوانە زۆر تایبەتە بۆ کوردیش. بۆیە بەرامبەر ئەم ڕووداوانەدا کاک دانا لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر دەسپێشخەریی جەنابی کاک مەسعوود سەردانی ئەوانی کرد و گەر هەڵە نەبم کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێری کراوە. تەفاسیلی نهێنیی کۆبوونەوەکە نازانم بەڵام ئەوەی کە کاک دانا بە منی گەیاندووە کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بەسەر پرسی ڕۆژئاوای کوردستان وە ئەوەی کورد چۆن مامەڵە ئەکات لەگەڵ ڕووداوەکانی ناچەکەدا و چۆن بتوانین هاوکار بین لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان تا بگاتە سەقامگیری و مافی کوردیش لە ڕۆژئاوای کوردستان جارێکی تر پێشێل نەکرێت، وەکوو جاران کە ڕێگە نەئەدرا کورد بەزمانی خۆی بخوێنێت یاخود هەر تەزکەرەی جنسی کوردی هەبێت.
بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدانی کورد کە چەند ساڵە خەبات ئەکەن و ئەو وڵاتانەش کە پشتیوانیان کردووە، دەبێت لە ڕێی دیبلۆماسی و سیاسیەوە هەوڵی جیدی بدرێت کە مافەکانی کورد لەم گۆڕانکارییە نوێ نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە سووریادا لەبەرچاو بگیردرێت.
کوردپرێس: ئەو نەخشە نوێیە کە باسی ئەکەن، ئێمە باش ئاگادارین کە سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان پاش کۆتایی هاتنی ئەو ڕێککەوتنانەی کە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی لەسەر داڕێژراوە خولیای دامەزراندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەسەردایە. ئەم وەزعە تازەیەی کە داهاتووە گۆڕان بە ستراتێژیی خۆی پەیڕەوی ناوخۆیدا دەڕواتەوە، پێوەندییەکانی خۆی چۆن لە ناوچەکە لەمبارەوە ڕێکدەخاتەوە؟
شاڵاو داوودی: بزووتنەوەی گۆڕان یەکێکە لەو هێزە سیاسیانەی کە هەڵقوڵاوی ناخی خەڵکی کوردستانە و دوور لە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی و ئەقلیمی و دەولی دروست بووە هەموومان ئەزانین کە گۆڕان باجی ئەوشی زۆر بە قورسی داوە بەتایبەتی لەسەردەمی ڕەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا گۆڕان هەمیشە پشتیوانی تاکی کورد بووە لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا بە بێ گوێدان لە هیچێک، ئەمەش باجێکی قورسی هەبووە و ئێمە بینیمان لە ساڵی ۲۰۱۴ بۆ یەکەمجار پەرلەمانی کوردستان ئەو کاتە بە سەرۆکایەتی دکتۆر یووسف بڕیارێکی لە پەرلەمان پەسەند کرد بۆ ناردنی هێز بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کە ئەمە ڕووداوێکی مێژووی بوو لە سەد ساڵی ڕابردوو کورددا نەبوو، بۆیە گۆڕان هەر بەردەوام بووە لە ڕێگای دیبلۆماسییەوە.
کاتی خۆیشی شاندێکی ڕۆژئاوا هاتنە لای کاک نەوشیروان و پێیانی ڕاگەیاند کە ئێمە هێزی سەربازیمان نییە بەڵام بە هەموو شێوەیەکی دیپلۆماسی لە ڕێگای وڵاتانی دونیا هەوڵ ئەدەین، هەر ئەوەش بوو کە ئەو کاتە دکتۆر یووسف کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بوو چووە پەرلەمانی بلژیکیا و بە هەمان شێوە پرسی کوردی لە سووریا ورووژاند و داوای کرد کە کورد وەرەقەیەکی جیددی بێت لە مامەڵەکان سووریادا چوونکە بەبێ بوونی کورد لەو وڵاتە چارەسەرێکی ئاشتی نایەتە دی. ئەمە نەک هەر بۆ سووریا. چوونکە سووریا پێوەندیی زۆری بە تورکیاوە هەیە بۆیە مەترسییەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا هەر بەو شێوەیە، ئەردۆغان دەترسێت ڕووداوەکانی سووریا پەل بهاوێژێت بۆ ناوچەکە چوونکە کورد لە وڵاتی تورکیا ئەگەر هەڵە نەبم لەسەدا ۲۱ی ڕێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتەیە واتا ۲۰ بۆ ۳۰ ملیۆن کەسن کە ڕێژەیەکی زۆرە و لە دوایین هەڵبژاردنەکانیشدا بۆ خۆمان بینیمان کە تەنها بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش دەنگی ۶ ملیۆن کەسی بەدەست هێنا. ئەمە لە ڕێگای سیاسییەوە زۆر گرینگە چوونکە ئەوکاتە دەوترا کە کورد تەنها هێزێکی سەربازییە بەڵام ئەمجارەیان کورد لە سیاسیشەوە زۆر چووەتە پێش.
بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان هەمیشە بەردەوام بووە لەگەڵ پشتیوانی هەر هێزێکی کوردی. ئێستاش لە دوای کاک نەوشیروان بەداخەوە ڕاستە کە کەلێنێکی گەورەی لە بزووتنەوەی گۆڕان دروست کرد و نەک هەر لە گۆڕان بەڵکوو لە هەرێمی کوردستان و لە شەقامی عێراقیشدا. بەڵام دیارە باجی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەو شتگیرییەی بۆ ڕۆژئاوا و بۆ پارچەکانی تری کوردستان جێگەی نیگەرانیی وڵاتان بوو و ئەمەش وایکرد گۆڕان قەتیس بکرێت لە شوێنێکدا و ڕێگای نەدەن بێتە پێشەوە چوونکە دەبێتە مەترسی بۆیان.
بۆیە لە سەرکردایەتی نوێدا، کاک دانا لە یەکەم هەنگاوەکانیدا چی لە ڕێگای میدیاییەوە کە میدیاکەی تۆڕی KNN و چی لە سەردانەکەیدا سەردانی کەسان و لایەنەکانی دیکەشی کردووە و بە نامە و تەلەفوونیش داوای کردووە کورد کۆبوونەوەیەکی گشتیی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بکات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە زۆر بەجیددی وەربگرن. ئێمە دەبێت سەیری مێژووی کورد بکەین ئەوەی بەدەستمان هێناوە هەمووی بەهۆی یەکگرتنەوە بووە و ئەوەیچی وا لەدەستمان داوە بەداخەوە بەهۆی ناتەبایی ناوماڵی کوردییەوە بووە. ئەگەر سەیری دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بکەین تاکوو وڵاتانی دونیایش هەموویان لەسەر ئەوەی کە میللەتی کورد میللەتێکی زیرەک و میللەتێکی بەتوانایە کۆکن، بەڵام کاتێک ئەچێتە سەر میزی گفتوگۆ بەداخەوە کورد هەمیشە دۆڕاندوویەتی، بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان پێشنیاری بۆ هەموو لایەنە کوردییەکان لە هەموو پارچەکانی کوردستان کردووە کە کێشەی لاوەکی حزبی و شەخسی وەلاوە بنێت و ئەمجارە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا کورد جارێکی تر وەکوو ڕێککەوتنامەی سایکسپیکۆ و ڕێککەوتنەکانی تر باجی هەڵەی سەد ساڵەی سیاسەتی حزبەکان یاخود چەند سەرکردایەتیێک نەدات.
کوردپرێس: بزووتنەوەی گۆڕان بە گەرم و گوڕیێکی زۆرەوە هاتە ناو ساحەکە و جەماوەرێکی زۆری لەگەڵ بوو، بۆ یەکەم بەشداری کردنی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بینیمان کە خەڵک بە چ جۆش و خرۆشێکەوە پێشوازییان لێکرد بەڵام پاش بەشداری کردنی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تێکەڵ بوونی بە دەسەڵات بینیمان کە ئەو هیوایەی کە خەڵک لەسەری هەڵیچنی بوو بە جۆرێک دەتوانین بڵێین کە ڕووخا. ستراتێژی و بەرنامەی گۆڕان بۆ بووژانەوە پاش ئەو فەشەلە گەورەیەی کە هێناویەتی کە بینیمان لەم هەڵبژاردنەشدا بە تەنها یەک کورسی بەدەست هێنا و هاتەوە ساحەکە. کاک دانا ئەحمەد مەجید وەکوو ڕێکخەری گشتیی گۆڕان کە ئێستا ئیجماعیشی لەسەر نییە و بەرەی گردی زەرگەتە لەگەڵ بەرەکەی کاک دانا وەکوو ڕێکخەری ناسێنراوە دیارە تەباییان نییە پێکەوە. بەرنامە چییە؟ گۆڕان چی بەسەردێت و ئایا بڕیارە بەم زووانە کۆنگرە بکات و بە فەرمی بناسێندرێت و هەموو شتەکان بگەڕێتەوە لای یەک بەرە یان خەیر؟ بەگشتی بەرنامە بۆ یەکخستنەوەی گۆڕان چییە؟
شاڵاو داوودی: ڕاستە هەر وەکوو وتم بزووتنەوەی گۆڕان هەڵقوڵاوی تووڕەیی خەڵکی شەقامی کوردی بوو لە حزبەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی. دروشمەکانی دروست بوونی بزووتنەوەی گۆڕان ئەوە بوون کە دەبێت یەک هێزی پێشمەرگە دروست بێت و یەک پەرلەمان بێت و ئەو دووئیدارەییەی کە هەیە نەمێنێت. چوونکە تا ئەمانە چارەسەر نەکرێت ناتوانێت بچێتە قۆناغێکی تر. ئێمە بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان تاکوو ئێستاس دەستوورێکمان نیە لە پەرلەمانف ئەمانە داواکارییەکانی گۆڕان بوون. ئەوە بوو کە خەڵکێکی زۆر لەناو چینی چەوساوە و خەڵکێکی خوێندەوار تەنانەت لە دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان یەعنی لە ڕەوەندی کوردی بزووتنەوەی گۆڕان ڕیزبەندی یەکەمی گرتبوو ئەمەش بەهۆی ئەو دەسپێشخەرییە بوو کە داواکاریی خەڵکی بەهێز کرد. بەڵام بەداخەوە نایشارمەوە کە چوونی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ناو حکوومەت شکستێکی خراب بوو و تاقیکردنەوەیەکی تاڵ بوو بۆ بزووتنەوەی گۆڕان کە ئەمەش خۆی دوو هۆکاری هەیە: بەشێکیان ئەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەو هەنگاوانەی گۆڕان بۆ نموونە ئێستا ئاماژەم پێکرد وەکوو گوشار کردن بۆ ناردنی هێز بۆ وڵاتێک وەکوو سووریا لە ڕێگای یاساییەوە هەروەها هەوڵەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان لەڕێگای دیبلۆماسییەوە هەموو ئەمانە ڕاستە لە شەقامی کوردیدا دەستخۆشیی لێکرا بەڵام لە دونیای دەرەوەدا دۆستی بۆ گۆڕان نەهێشتەوە بەشێک باجی ئەو قەتیس بوونە بوو کە وڵاتان لەسەر سەپاندیان. بەشی دووهەم ئەوەیە کە بە تەئکید داوای ڕەوانشاد کاک نەوشیروان کە خۆی کارێزمایەک بوو و بەشێک تریش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕەنگە گۆڕان کەسانی شیاو وشایستەی نەناردبێتە ناو حکوومەت و لە چاو تمووحی داواکارییەکانی خەڵکدا نەبوو.
داواکارییەکانی گۆڕان داواکاریی زۆر جیددین کە ئێستا کاک مەسعوود خۆی داواکارییەکانی گۆڕان ئەڵێتەوە کە با یەک پەرلەمان بێت و یەک هێزی پێشمەرگە بێت و یەک ئیدارە بێت خۆ گۆڕان لە ۲۰۰۹وە ئەم داواکارییانەی لەپێش چاو بوو و ویستی ئامادەکاریی بۆ بکرێت بەڵام بەداخەوە گوێ لە ئامۆژگارییەکانی کاک نەوشیروان و بزووتنەوەی گۆڕان نەگیردرا لەو کاتەدا.
شەقامی کوردیش هێندە بەخیرایش بەدەم داواکارییەکانی گۆڕانەوە هاتن لە ئاست تموحی ئەواندا نەبوو کە دەبوایە داواکارییەکان بەم زووییە بکرایەت لە هەرێمی کوردستان.
کوردپرێس: ئایا پێتان وانییە کە کێشەی گەورەی ناو گۆڕانیش هەمان کێشەیە کە لە هەیکەلی هەموو حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە کە ناوی نراوتە تەوریسی سیاسی و بە بنەماڵەیی کردنی حزبەکان و هەروەها پاوانخوازیی ئەو دەموچاوانەی کە وەکوو قیادەی کوردی دێنە پێشەوە. ئایا ئەم جووڵەیە کە ئێستا لەلایەن کاک دانا ئەحمەد مەجیدەوە دەستی پێکردووە دژایەتی کردنی ئەو بابەتەیە؟ یان پلانێکی دیکە هەیە؟ بەرنامەتان لەگەڵ گردەکە چییە و ئەتانەوێت چی بکەن؟
شاڵاو داوودی: سەبارەت بە کۆنفرانسی ئێمە لە ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو دیارە مەقبوول نەبوو لەلایەن کۆمیسیۆنی عێراقەوە چوونکە نوێنەری تایبەتییان لەو کۆنفرانسەدا نەبوو بۆیە داوایان کرد کە کۆنفرانسەکە جارێکی تر سەر لەنوێ بکرێتەوە و بڕیار وایە کە بزووتنەوەی گۆڕان لەم نزیکانەدا کۆنفرانس بکات و ئێستا ئامادەکارییەکانی لە قۆناغی کۆتاییدایە بۆ نووسینەوەی دەستوورێک کە کۆبوونەوەی جڤاتی لەسەر کراوە و دەنگ لەسەر زۆربەی خاڵەکان دراوە. تەسەور دەکەم لەم مانگی یەکی ۲۰۲۵ دا ئەگەر نا لە سەتای مانگی ۲ کۆنفرانسی سێیەمی بزووتنەوەی گۆڕان ببەسرێت و بەشێکی زۆر لەو کێشانە تەسەور دەکەم چارەسەر بکات لەنێوان گردەکە و لەناو خواری گردەکە. بزووتنەوەی گۆڕان هێزێکە کە هین هەمووانە. کاتی خۆی کاک نەوشیروان بە وشەیەکی زۆر جوان جوابێکی دایەوە و ڕایگەیاند هەرکەسێک کە لە گۆڕانیش جیا دەبێتەوە و دەچێتە حزب و لایەنێکی دیکە ئەگەر بەرنامەکەی گۆڕان لەسەری بێت شتێکی زۆر ئاساییە و ئێمە دەسخۆشی لێدەکەین. بۆیە ئێمەیش هەر کەسێک لە هەر شوێنێک بەرنامەی گۆڕان و ڕەوانشاد کاک نەوشیروان پەیڕەو بکات ئێمە پشتیوانی لێدەکەین.
دوای بەستی ئەم کۆنفرانسە ئەم بابەتانە هەم لەڕووی قانوونییەوە یەکلایی دەبێتەوە و هەم لەگەڵ ئەو برادەرانەیش تا ئەم دەقە لە گفتوگۆدان کە بەشداری بکەن و یاخودچۆن بەشداری بکەن. تەسەور دەکەم بەپێی ئەمانەش لەسەدا ۷۰ی کێشەکان دوای کۆنفرانس چارەسەر بکرێت.
سەبارەت بە پرسیارەکەی تریش کە تەوریسی سیاسی بوو دەێبت بڵێم بەداخەوە ئێمە لە زۆرینەی حزبەکاندا بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان ئێستا ئەمە بۆتە واقیع و بابەتێکی ناخۆشە و تاکە هێزێکیش کە هەر لەسەرەتاوە دژی بووە و خودی گۆڕانیش دژی تەوریسی سیاسی و بە بنەماڵەیی کردن دروست بووە. کاک نەوشیروان پێش کۆچی دوایی چەندین جار هەوڵی داوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و شوێنگرەوە دیاری بکات بۆ خۆی یان کێشەی موڵکی گردەکە چارەسەر بکات بەڵام بەداخەوە هاوڕێکانی کەمتەرخەم بوون یاخود متمانەیەکی زۆریان بە کاک نەوشیروان بووە بۆیە نەیانهێشتووە لە حزووری ئەودا وەها پرسێک بجووڵێنن یاخود باسی بکەن. بەڵام ئەبینین بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەبێ جیاوزی بەرەو بنەماڵەیی دەڕوات بەبێ جیاوازی ئیسلامی و غەیری ئیسلامی و عەلمانی هەموویان بەو شێوەیەن. ئەوەی کە تا ئەم دەقەیە ئەمەی ڕەت کردۆتەوە بزووتنەوەی گۆڕانە بەڵام ئەوەی کە تاکوو کەی و تا چەند سەرکەوتوو دەبێت جارێم دیار نییە.
کوردپرێس: دەمانەوێت وەکوو میدیایێکی ئێرانی لە زمانی سەرکردایەتیێکی گۆڕانەوە ئەم بابەتە بگوازینەوە کە ئایا معاملەی گۆڕان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی بەتایبەتی ئێران چۆن دەبێت؟
شاڵاو داوودی: بزووتنەوی گۆڕان هەموو شتێکی زۆر بە شەفافیەت کردووە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە. یەکێک لەو وڵاتانەیش کە هەر لەسەرتای دروست کردنی گۆڕانەوە ڕێگای دا بە دروست کردنی نوێنەرایەتی ئێران بووف ئەمە لە تورکیاش بوو کاتێک کە سەرۆک کۆماری تورکیا بانگهێشتی نەوشیروان مستەفای کرد دوایان کرد کە گۆڕان نوێنەری هەبێت. بەڵام کاک نەوشیروان بەرنامەی وا نەبوو کە لە هیچ وڵاتێکدا نوێنەرایەتی هەبێت بەڵام وەکوو پێوەندی پێوەندیێکی باش هەیە لە نێوان گۆڕان و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. تەنانەت کاک نەوشیروانیش و هەموو ئەوانەیش کە دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان بوون ئێستاش کاک دانا کە خۆی سەردەمانێک وەکوو نوێنەری یەکێتی بووە لە ئێران واتا چتێکی نامۆ نییە و بە تەئکید پێوەندی هەیە لە نێوان هەردوولادا. لەەسر بەرژەوەندیی هاوبەش کە نە ئەم خاکی ببێتە مەترسی لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران و نەک ئەوانیش بەو شێوازە.
بەڵام وەکوو کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە ساڵی ۱۹۹۱یشەوە کە کەسوکارەکەم ئاوارەی ئێران بوونە هەمیشە بەڕاستی مەوقیفی ئێران لەبەرچاو بووە.
کوردپرێس: پێتان وایە بەو یەک کورسیەی ئێستا هەتانە ئەگەر لە حکوومەت بەشدار بن چیتان بەردەکەوێت؟ ئایا بەشدار ئەبن؟
شاڵاو داوودی: هەتاکوو ئێستا ئەوەی من ئاگادار بم پێشنیار کراوە بۆ ڕێکخەری نوێ و بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و وتراوە کە حەجمی گۆڕان یەک کورسی نییە. وەکوو وتم گۆڕان خەڵکی چەوساوەی هەرێمی کوردستانی لە پشتە بۆیە زۆرترین دەنگی هێنا، لە هەڵبژاردنی یەکەمدا گۆڕان پلەی یەکەمی حزبی هەبوو بەڵام بەداخەوە چەقبەستوویان کرد لەبەر ئەوەی ملی بۆ کۆمەڵێک داواکاریی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی نەدا. ئەم خەڵکەی کە لە گۆڕان ترازاوە ئێستا لە ماڵەکەی خۆیان لە سەدا ۷۰ بۆ سەدا ۸۰یان دانیشتوون. هەتاو ئەم دەقەیش هیچ هێز و لایەنێک نەهاتووە داواکارییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بەرز بکاتەوە یان خود بە خەڵکی نیشان بدات کە بەڵێ من نوێنەری ڕاستەقینەی ئێوەم. خەڵکیش ئەو متمانەیەی دروست نەکردووە. بۆیە تا ئێستاش زۆرینەی لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان خەڵکی ناڕازییە و نەتیجەیش دوایین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانە کە زۆرترین بایکوتی تێدا بووە کە ئەوان زۆرینەیان دەنگدەر و لایەنگری بزووتنەوەی گۆڕانن و تاکوو ئێستا بەدیلی گۆڕان نەبوو و هیوادارین کە گۆڕان لەم قۆناغە نوێیەدا جارێکی تر بە دەموچاوێکی نوێ و بە سەرکردایەتیەکی نوێ ئەو خەڵکە ئاشت بکاتەوە و بگەڕێتەوە سەر پڕۆسەی سیاسی.
Your Comment