بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جدعان عەلی، سەرۆکی نوێنەرایەتی ENKS لە هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕایگەیاندووە: "ئێمە دەخوازین کورد بە یەک شاند و بە یەکگرتوویی بچینە دیمەشق هەتا داواکاری و مافەکانمان لە دەستووری نوێی سووریادا بچەسپێنین، لە دواین کۆبوونەوەمان بە نێوەندگیری فەڕەنسا، ئەمریکا و بەریتانییەکان، داواکاری و مەرجی ئێمە بۆ پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) ئەوە بوو، کە هەموو جۆرە پەیوەندی و گرێدراوێکی خۆیان بە فەرمی لەگەڵ PKK بپچڕێنن".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد: "پێویستە پەیەدە خۆی وەک پارتێکی کوردی سووریا بناسێنێت لە پێناو مافەکانی گەلی کورد لە سووریا، هەروەها داوامان کرد سەرجەم زیندانییە سیاسییەکانی ژێر دەستی پەیەدە ئازاد بکرێن، بە تایبەت ئەوانەی بە هۆکاری سیاسی و ئەندامێتی ئەنەکەسە دەستگیر کراون، بەڕێز کاک عەبدی ئامادەیی خۆیانی بۆ جێبەجێ کردنی سەرجەم ئەو خاڵانە پیشان دا بە شاهێدی ئەمریکی و فەڕەنسییەکان".
جدعان عەلی باسی لەوەش كرد، "ئێمە دەخوازین کە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) و ئەنجومەنی سووریای دیموكرات (مەسەدە)، داواکاری و داخوازی کورد بن و ببنە هێزێکی کوردی، نەک باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، چوونکە بە چوونە ناوی سوپای سووریا لە داهاتوودا بەم شێوە کارکردنەیان بە ناوی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هیچ سیمایەکی کوردی پێوە نابێت.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، "لەم حکوومەتە کاتییەی سووریا جگە لە (تەحریر ئەلشام) هیچ پێکهاتەیەک بەشداری نەکردووە، ئەگەر کورد بەم شێوەیە نایەکگرتوو و نایەکڕیز بێت، زۆر مەترسیدارە بۆ داهاتووی کورد لە سووریا".
سەرۆکی نوێنەرایەتی ئەنەکەسە ڕوونی كردەوە، "وەک ئەنەکەسە بە هیچ جۆرێک قبووڵ ناکەین، سووریا ببێتە دەوڵەتێکی ئیسلامی، تەنانەت ئەوەش قبووڵ ناکەین هیچ ڕەنگێکی ئیسلامی بە دەوڵەتی داهاتوو یاخود ئاینی ئیسلام ببێتە سەرچاوەی نووسینەوەی دەستوور، بە هیچ جۆرێک قبووڵ ناکەین دەستوورەکەشی ڕەنگی ئیسلامیی پێوەبێت، ئەمە داواکاری ئێمە وەک ئەنەکەسە و تەنانەت میلـلەتی کورد و لە ۷۰%ی سوورییایە".
Your Comment