بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیژنەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی نۆیەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەمشەو شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" ماوەی دوو ساڵە داخوازیەک هەیە لەلایەن کادر و رێکخستنەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەبارەی پێویستی بوونی ڕێوشوێنی لائیحی سەبارەت بە کەمتەرخەمی و پابەند نەبوون بە ئەرکەکانی حیزب و ئۆرگانەکان بۆ کۆنگرەی نۆیەم".
ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەنجوومەنی جێبەجێکردن بڕیاریدا سێ پێوەر هەبێت بۆ ئەندامیتی کۆنگرە، وەک سەرەتاییترین ئەرکی ئەندام، لەوانە پابەندبوون بە بەشداریکردن لە ئیشتراکات و ئابوونە، پابەندبوون بە ئاڕاستە و مەنهەج لە لێدوان و کاردا، هەروەها پابەندبوون بە ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەو کەسانەی پابەندیان نەبووە بەو سێ خاڵەی سەرەوە، مافی ئەندامێتی کۆنگرەیان نابێت، ئەمەش واتای دوورخستنەوەیان نییە لە حیزب، هەروەک بەشداری نەکردن لە کۆنگرەش کارێکی لائیحی و ئاساییە و سەدان کادری باڵا و خاوەن فەزڵ بە هۆی سنووردار بوونی ئەندامانی کۆنگرەوە، بە لائیحە و هەلبژاردنیش بەشدار نابن لە کۆنگرە و زۆر بە ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ کردووە".
هەروەها هاتووە: "بەداخەوە کەسانێک دەیانەوێت لێکدانەوەی هەڵە بۆ ئەو حاڵەتە بکەن و بەمەبەست یان بە نەزانی خۆیان، سۆشیاڵ میدیایان سەرقال کردووە، ئێمە هەموو لایەک دلنیا دەکەینەوە کە هەنگاوەکانی کۆنگرە بەشێوازێکی سروشتی کارەکانی خۆی دەکات، بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی کۆنگرەش ئامانجی هەموو یەکگرتووەکانە".
ڕوونکردنەوەکەی یەکگرتووی ئیسلامی لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو ڕایگەیاند" لە یەکگرتوودا جێگای ئیخوانی، سەلەفی، جیهادی، سۆفی دەبێتەوە جێگای کوردستانیەک نابێتەوە".
وتیشی" شەش ساڵە ناتوانێت لەگەڵ یەک رێکخستنی یەکگرتوودا دیدار بکات، هەروەها دەرگای میدیاکانی یەکگرتووی لێ داخراوە".
Your Comment