کوردپرێس:
دەقی پەیامەکەی ئەدهەم بارزانی
به ناوی خوای گه‌وره و میهره‌بان
به‌بۆنەی تێپه‌ڕینی ۳۶ ساڵ لە ١٩-٧-١٩٨٨، به‌سه‌ر داستانی خاکوڕک که پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کان له چه‌ند لایه‌نێکی سیاسی کوردستان تیایدا به‌شداربوون و ڕۆڵی گرنگیان له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه دڕندانه نابه‌رابه‌ره‌دا گێڕا، که له سه‌روبه‌ندی کۆتایی هاتنی شه‌ڕی عێراق و ئێران ڕوویدا، به ئامانجی کۆنترۆڵ کردنی سه‌ر له به‌ری جوگرافیا ئەو دەڤەرە ئازاد کراوانەی ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه له باشووری کوردستان، له لایه‌ن رژێمی به‌عسی عێراق کە نه‌خشه‌ی بۆ کێشرا بوو.
به‌و هۆیه‌وه که هەندێک له ڕووداو و ڕاستیه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه، تا ئێستا به شاراوه‌ی ماونه‌ته‌وه، به پێویستم زانی له‌م ده‌رفه‌ته‌دا، هه‌م تیشک بخه‌مه سه‌ر به‌شێک له‌و ڕاستیانه، وێڕای دەست خۆشی لەسەرجەم پێشمەرگەکان بە گشتی و بە تایبەتی گه‌رمترین پیرۆزبایی و ده‌ست خۆشی خۆم پێشکه‌شی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌کانی حزب الله‌ی کوردی ئه‌و کاته دەکه‌م که به له خۆبوردنێکی بێ وێنەدا، له درێژایی ٤٦ ڕۆژی هێرشه‌کاندا، له به‌ره‌کانی (نازدارداغ، مله دێم، دیوی شه‌کیو، سپیارا، شێخان، خه‌زنێ، موسلوک و سه‌رچه‌مان تاکوو گه‌لی ڕه‌ش) ڕۆڵێکی سه‌ربازی یه‌کجار باڵا و به هێزیان دژ بە هێزەکانی سه‌دام حوسێن بینی و تۆپخانه‌کانی ئێمه که هه‌ر ڕۆژ و ته‌نیا له یه‌ک ڕۆژدا به ٣٦٠ ڕاکێت و گوللە هاون و مووشه‌کی کاتیوشا بۆردوومانی دوژمنی ده‌کرد، توانیان به‌رده‌وام زیانێکی گیانیی مه‌زن له درێژه‌ی ماوه‌ی هێرشه‌کاندا به دوژمن بگەینن.
بۆ نموونه له فڕۆکه‌خانه‌ی هیلیکۆپتهرهکانی ڕژێم له گوندی خه‌زنه‌ی سه‌ر به ناحیه‌ی سیده‌کانی ده‌ڤه‌ری برادۆست، هیلیکۆپته‌رێکی ڕژێمیان له سه‌ر زه‌وی په‌ک خست ئه‌وه‌ش هۆکارێک بوو، که ڕژێم ئیدی نه‌توانێ بۆ پشتیوانی کردنی هێزه‌کانی که‌ڵک له‌و فڕۆکه‌خانه‌یه وه‌ربگرێ.
جێی ئاماژه‌یه، که له‌م شه‌ڕه دا هێزه‌کانمان چه‌ندین شه‌هیدیان پێشکه‌شی نیشتیمان کرد، له وانه‌ش: (شه‌هید خه‌لیل مه‌حموود که‌ونه‌گوندی دوڵەمەری، شه‌هید خه‌لیل باپیر بێدۆدی شێروانی، شه‌هید زبێڕ سه‌لیم گه‌ردی، شه‌هید موحەمه‌د ئه‌مین پیرانی شێروانی) کە لە قەبرستانی شنۆ نێژراون وێڕای چه‌ندین بریندار له رێزه‌کانی پێشمه‌رگه چاونه‌ترسه‌کانی حزب الله‌ی کورد دا.
لێرەوە له‌گه‌ڵ ئه‌وه که جارێکی دیکه سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدان داده‌نوێنین، نابێ ئه‌و راستیه‌ش له به‌رچاو نه‌گرین، که له‌و شه‌ڕه دا زۆربەی به‌رپرسه باڵاکانی سیاسی و سه‌ربازی و هێزه‌کانی حزب الله ڕروویان له سهنگهڕهکانی شه‌ڕ و به‌ره‌نگاری کرد، که ناو‌و ڕۆلی هه‌موویان لە لای من پارێزراوە و به‌رده‌سته، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر کاتێک پێویست بکات بڵاوی بکه‌ینەوە.
هه‌ر به‌و بۆنهیەوە جارێکی دیکه ده‌ست خۆشی و پێزانینی خۆم ئاڕاسته‌ی هه‌موو شۆڕشگێڕانی حزب الله‌ی کوردی پێشوو و سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه‌ی حزبە سیاسیەکانی دیکه ده‌که‌م، دووبارە سەری رێز و نەوازش دادەنۆێنین بۆ گشت شەھیدەکان که به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه مه‌زنه‌یان کرد.
براتان
ئەدھەم بارزانی
٢٣-٧-٢٠٢٤
Your Comment