بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بابەکر زێباری بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە: "کورد و سوننە لە سوپا و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق هەڵوەرێندراون، پێشتر کورد ۲۰٪ و سوننە ۲۵٪ی سوپای عێراقیان پێکدەهێنا بەڵام ئێستا رێژەی کورد کەمترە لە ۲٪ی سوپاکە".
ناوبراو وتیشی: "پێشتر کورد پۆستەکانی سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق و ئەمینداری ئاسایشی گشتی و بریکاری هەواڵگری و بریکاری وەزیری ناوخۆ و یاریدەدەری ئەرکانی سوپای هەبوو، ئێستا هیچ یەکێک لەو پۆستانەی بەدەستەوە نەماوە و پێم سەیرە بەرپرسانی کورد گوشار ناکەن و داوای ئەو پۆستانە ناکەنەوە".
بە وتەی زێباری کە خۆی پێشتر سوپاسالاری عێراق بووە، پشتیوانییەکانی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە سنووردار و کەمن و هەندێکجار حکوومەتی عێراق رێگری دەکات لەوەی پشتیوانی زیاتری پێشمەرگە بکەن.
بابەکر زێباری وتیشی: هاوپەیمانان ویستیان درۆن بدەنە پێشمەرگە بەڵام حکوومەتی عێراق رێگەی نەدا.
ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لە چاکسازییەکانی پێشمەرگە کرد و ڕایگەیاند: لە رێگەی دابەش کردنی پێشمەرگە بەسەر ۱۱ فیرقەی سەربازی ئەو هێزە بە تەواوی دەبێتە هێزێکی نیزامی و هیچ بندیوارێکی تێدا نامێنێت، ئێستا ۲ فیرقەیان دروست کراون و ۲ فیرقەشیان لە قۆناخی پێکهێنانن و پلانەکە وایە تاکوو ۳ ساڵی دیکە هەموویان پێکبهێنرێن و چاکسازییەکانی پێشمەرگە تەواو بکرێن.
Your Comment