بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سالار مەحموود، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ستۆدیۆکانی کەناڵ ۸ لە دیداری سلێمانی گوتی، بەگوێرەی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەبێت هەڵبژاردن لە ۱۰ـی ۶ـی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، ڕوونە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەموو لایەنەکان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت.
ناوبراو گوتیشی، کۆمیسیۆن و حکوومەتی فیدراڵی بەرپرسن لە دواخستن و دوانەخستنی هەڵبژاردن، گرنگە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت، بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی حکوومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەرلەنوێ شەرعیەت وەربگرنەوە و باڵانسی هێز بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، وەکوو یەکێتی لەگەڵ ئەوەن لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی باسی لەوەشکرد، ئەو ململانێیەی لەبارەی هەڵبژاردن هەیە سووکایەتییە بە ئیرادەی خەڵک و یاسا و پەرلەمان کە مەرجەعی سیاسی و یاساییە، چونکە حکومەت ناتوانێت بەبێ پەرلەمان حکوومداریی بکات و هیچ دامەزراوەیەک ناتوانێت سەرکەوتوو بێت بەبێ چاودێری پەرلەمان، پەرلەمانی کوردستان ئیرادەی گەلە.
پێشیوایە، ناکرێت هەموو شتێک لە بەرژەوەندی کەسی و حیزبی بێت و پەرلەمان و دامەزراوەکانی دەوڵەت پەراوێز بخرێن، بۆیە بە گرنگی دەزانن بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەربکرێت پێویستە هەڵبژاردن بکرێت، نەریتێکی خراپ پەیدا بووە و دەبێت هەموو خولێک وادەی پەرلەمان درێژبکرێتەوە، ئەوەش لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە.
لەبارەی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە دیزان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە ڕایگەیاند، "راستە دیزاین کراوە، بەشێوەیەک کە رێگەنەدرێت کەسانی مردوو دەنگ بدەن و باڵانس لە نوێنەرایەتی پارێزگاکان هەبێت، ئەو قسەیە بەمشێوەیە ڕاستە".
Your Comment