کوردپرێس دەقی یادداشتەکەی ئارێز عەبدوڵا بڵاو دەکاتەوە:
کەس نییە نەزانێ، کە قەوارەی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ئالەنگاری لە پێشن و هەڕەشەی دەرەکیشی لەسەرە، بەتایبەت لە لایەن ئەو دەوڵەتانەی کە پێیان وایە بوونی هەرێمی کوردستان، ئەگەر لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقیش بێ هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییان، چونکە ئەوان نەیانەوێ وەکو عێراقیش کێشەی کورد چارەسەر بکەن.
دەبێ لەبەرامبەر ئەو ئالەنگاریی و هەڕەشانە حکومەتی هەرێم لە ئاستی پاراستن و بەدوورگرتنی قەوارەی کوردستان بێ، بەڵام کاتێک هەرەشە ناوەخۆییەکان لە دەرەکییەکان گەورەتر دەبن ئەوا قسەیەکی ترە.
بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەبیندرێ هەڕەشە ناوەخۆییەکان زۆر لە هەڕەشە دەرەکییەکان مەترسیدارترن، چونکە ئەگەر ناوخۆ ڕێک و پێک و بەهێزبێ هەرێم دەتوانێ بەرگەی هەڕەشە و فشارەکان بگرێ.
ئایا مەترسیە گەورەکە چییە؟
ئەگەر زۆر بەسادەیی وەڵام بدەمەوە دەڵێم: سیستەمی حوکمڕانی سەقەت.
ئایا کێ لە هەبوونی ئەو سیستەمە سەقەتە بەرپرسیارە؟
دیسان بە سادەیی دەڵێم: دەسەڵات.
ئایا دەسەڵات لە دەست کێیە و کێ کاروبارەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبات؟
ئەوەش دیارە بەرپرسیاریەتیەکە بەڕێژەیی لە ئەستۆی هەموو لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی دەسەڵاتە.
لە ماوەی دە ساڵی ڕابردودا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران بۆتەوە. ئایا بەڕاستی ئەو قەیرانانە لە دەرەوەی وڵات دروستکراون، یان لە نەزانین و دەست بەرنەدانی دەسەڵاتداران لە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی سەریان هەڵداوە؟
وەڵامی ئەم پرسیارەش ڕوونە، کە بەداخەوە دەسەڵاتی ئێمە ئەوەندەی بەپاساوی نا بەجێ قەیرانەکانی قوڵکردونەتەوە نیو ئەوەندە (لە کاتی گونجاوی خۆیدا) هەوڵی چارەسەرکردنیانی نەداوە!.. ئەگەر دواتریش هەوڵدرا بێ زیان لە نیوە بگێڕێتەوە مخابن دوای کار لەکار ترازان بووە.
با سەیرکەین ئەم سیستەمە حوکمڕانیە چۆنە؟
- لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەسەڵاتی جێبەجێکردن هەمیشە خۆی لەسەروی دەسەڵاتەکانی تر داناوە. نموونە: پەرلەمان کەمترین هەژموونی لەسەر حکومەت هەبووە، دەزگای چاودێری دارایی چاوی لەسەدان پێشێلی دارایی پۆشیوە، فایلەکانی دەستەی دەستپاکی ڕەنگە تۆزیان لەسەر کەوتبێ و کەمترین دەستبڕ و دەستپیس لەم وڵاتە ڕووبەڕووی سزای یاسایی کراونەتەوە!
سیستەمەکە سەقەتە، چونکە:
- داواکاری گشتی ئەو ڕۆڵەی کە پێویستە بیگێڕێ نەیگێڕاوە!
- دادگا سەربەخۆ نییە و لە زۆر بابەتدا لە جیاتی یاسا فەرمان و ڕێنمایی دەرەوە جێبەجێ دەکات!
ئاشکراشە لە هەر وڵاتێک دادوەری دادپەروەر و بەڕاستی یاسا لەسەرووی هەموان نەبووبێ، فاتیحەی بۆ خوێندراوە.
بەرپرسیاریەتی سەقەتی دەسەڵات لە ئەستۆی حکومەتە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتەکانی نیشتمان هەر بەناو نا، بە کردەوە سەربەخۆ و تایبەتمەند نەبن ناتوانین ناو لەو دەسەڵاتە بنێین حکومەتی ئاسایی.
دەسەڵات قۆناغی نەشارەزایی و بێ ئەزموونیی دەوڵەتدارایی تێپەڕاندوە، بۆیە پاساوهێنانەوە و سڕینی دەستی چەور بە سمێڵی خەڵکی تر تەنیا هێشتنەوە و قوڵکردنەوەی گرفت و قەیرانەکانە، بەڵام دیارە درێژە کێشانی بارودۆخی قەیراناویش لە بەرژەوەندیی کەس نییە، بە دەسەڵات و دەسەڵاتدارانیشەوە.
کەواتە مەترسییە گەورەکە لەناو خۆمانە و ئەگەر چارەسەری نەکەین ئەوا هەڕەشە دەرەکییەکانیش گەورەتر و کاریگەرتر دەبن.
بەڕێوەبردنی وڵات هەر تەنیا دەست ڕۆیشتن و لە ڕاگەیاندن دەرکەوتن و شاهانە ژیان نییە، بەڵکو لێپرسینەوەشە و کاتێکیش دامودەزگا رەسمیەکان نایانەوێ یان ناتوانن بپرسنەوە و ئەرکە نشتمانیەکانی خۆیان جێبەجێبکەن، ڕەوتی ژیان هەر ناوەستێ و ئەنجام گەل دەپرسێتەوە، بەڵام چ جۆرە پرسینەوەیەک؟
پرسینەوەیەک کە گەزتنەوەی پەنجەی پەشیمانی داد نادات.
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئارێز عەبدوڵا شرۆڤەکاری سیاسی و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکدا وێڕای ڕەخنە گرتن لە دەسەڵاتی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت لە ئێستادا هەرێمی کوردستان هەڕەشەی ناوخۆیی لەسەرە نەک مەترسیی دەرەکی.
News Code 223335
Your Comment