هێڵی ئاسنینی عێراق بە کوردستاندا تێدەپەڕێت و دەگاتە تورکیا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاشکرای کرد، حکوومەت ڕەزامەندیی پێشان داوە بۆ کڕینی ۵۰ شەمەندەفەری نوێ بۆ هێڵی ئاسنینی ناسراو بە پڕۆژەی ڕێی گەشەپێدان کە ئێستە لە قۆناغی دروستکردندایە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەیسەم سافی بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، ۶۶%ی کارەکانی دیزاینی پڕۆژەی ڕێی گەشەپێدان تەواو بووە و ڕێڕەوی هێڵە ئاسنینەکەش دیاری کراوە.

ڕێی گەشەپێدان ئەو ناوەیە کە حکوومەتی عێراق لەو ڕێڕەوەی ناوە، کە بەندەری فاو لە باشووری عێراق دەبەستێتەوە بە تورکیاوە لە ڕێی تۆڕێکی شەمەندەفەر و ڕێگەوبانەکانەوە. ڕێی گەشەپێدان هێڵی ئاسنین لەخۆ دەگرێت کە شەمەندەفەرەکان بە ۱۰ پارێزگای عێراقدا تێدەپەڕن.

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشتر ڕای گەیاندبوو کە ڕێی گەشەپێدان، نوێنەرایەتیی ڕێڕەوێکی جیهانی دەکات بۆ گواستنەوەی کاڵا و وزە. "پڕۆژەکە هێڵی ئاسنین بۆ گواستنەوەی کاڵا لەخۆ دەگرێت، توانای گواستنەوەی سێ ملیۆن و ۵۰۰ هەزار تۆن شتومەکی دەبێت لە قۆناغی یەکەمیدا، لە قۆناغی دووەمدا تواناکەی بۆ حەوت ملیۆن و ۵۰۰ هەزار تۆن زیاد دەکرێت.

ئەم پڕۆژەیە بە بەهای ۱۷ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و پێشبینی دەکرێت ئەم پڕۆژەیە، وڵاتەکە بکاتە ناوەندێکی ترانزێت، بە کورتکردنەوەی ماوەی گەشتەکانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە هەوڵێکدا بۆ ڕکابەریکردن لەگەڵ کەناڵی سوێسی میسری.

هێڵی ئاسنینی فاو تا پێشخابوور دروست دەکرێ و لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە کەلوپەل دەگەیەننە تورکیا، بۆ ئەوەی لەوێشەوە بگەنە ئەورووپا.

تالیب جەواد بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی عێراق رای گەیاند، "ئێمە دەمانەوێ هێڵی ئاسنینی فاو تا پێشخابوور دروست بکەین، ئەوەیشی هەیە نۆژەنی بکەینەوە، بۆیە لەڕێی هەرێمی کوردستانەوە هێڵەکە دەگەیەنینە تورکیا. ئێستە کارەکان بۆ دیاریکردنی خاڵی پێکەوەبەستن بەردەوامن. بۆ ئەو مەبەستەیش گفتوگۆکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و تورکیا بەردەوامن تا دواتر بە کردەیی دەست بە کارەکان بکرێت".

لە شەڕی داعشدا بەشێکی زۆری هێڵی ئاسنینی شارەکان تێکچوون کە دیارترینیان هێڵی بەغدا و مووسڵ، بەغدا بۆ فەلووجە و رومادی لە پارێزگای ئەنبار بوون. هێڵی ئاسنینی عێراق ساڵی ۱۹۱۲ بەردی بناغەی دانراوە و ساڵی ۱۹۳۰ دەستی بە کار کردووە. لە زیاتر لە نۆ پارێزگادا ۳۰ کیلۆمەتر هێڵی ئاسنین و زیاتر لە چوار هەزار کارمەندی هەیە.

News Code 223278

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha