بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پابەندی بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، حیزبەکەیان پابەندی هەر بڕیارێک دەبێت لەبارەی هەڵبژاردنەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بیدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕۆژی سێشەممە، 19ـی ئاداری 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر بڕیارێک لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە بدرێت پێیەوە پابەند دەبین".

فەرهاد تۆفیق گوتی، دواخستن یان هەر گۆڕانکارییەک لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆندایە. گوتیشی، "پێمانوایە هەڵوێستی پارتی گوشارە لەسەر دەسەڵاتدارانی عێراق لە ئەنجامی ترسیان لەو شێوازی بەڕێوەبردنەی هەڵبژاردنی داهاتوو؛ ئەگەر هەیە بە رێککەوتنێک چارەسەر بکرێت".

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشداری ناکەن لە هەڵبژاردنی داهاتوو، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە پارتی دیموکراتی کوردستان یان یەکێتی نیشتمانی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن لە هەرێمی کوردستان، ئەو کاتە هەڵبژاردن هەڵدەوەشێتەوە و بەڕێوەناچێت، بەتایبەت پارتی کە زۆرینەی جومگەکانی کارگێڕی و سیاسیی و دیپلۆماسی هەرێمی کوردستانی بەدەستەوەیە".

شایانی باسە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوەکەی رایگەیاند: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."

News Code 223237

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha