حه‌وت حزبی هەرێم بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هاوپه‌یمانی پێکده‌هێنن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆک و ئەمیندارانی ۷ حزبی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نووسینگەی حزبی شیووعی کوردستان کۆ بوونەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شیووعی و سۆسیال دیموکرات و زه‌حمه‌تکێشان و کرێکاران و پارێزگارانی کوردستان و یەکێتی نەتەوەی دیموکرات و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان گفتوگۆیه‌کیان ده‌ستپێکردووه‌ بۆ دروستکردنی هاوپه‌یمانێتی هه‌ڵبژاردن، بڕیاریانداوه‌ تا ڕۆژی ۱۲ی ئه‌م مانگه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌که‌ یه‌کلابکه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ سه‌رکه‌وتوو بێت، ده‌بێت به‌ یه‌که‌م هاوپه‌یمانێتیی له هه‌ڵبژاردنی ۱۰ی حوزه‌یرانی په‌رله‌مانی کوردستاندا.

حزبی شیوعی کوردستان ده‌ستپێشخه‌ریی کردووه‌ بۆ دروستکردنی هاوپه‌یمانێتییه‌ک، بۆ به‌شداربوون له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان. باره‌گای مه‌کته‌بی سیاسی شیوعی له‌ هه‌ولێر دوێنێ کۆبونه‌وه‌یه‌کی تێدا کرا، به‌شداربوانی کۆبونه‌وه‌که‌ بریتی بوون له:

•    محەمەد حاجی مەحموود- سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

•    کاوە مەحموود- سەرۆکی حزبی شیووعی کوردستان

•    بەڵێن عەبدوڵا- سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

•    باپیر کامەلا- سکرتێری پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان

•    نەجات سوورچی- سەرۆکی پارتی پارێزگارانی کوردستان

•    غەفوور مەخمووری- سکرتێری یەکێتی نەتەوەی دیموکراتی کوردستان

•    مام خدر ڕووسی- سکرتێری بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان.

به‌پێی به‌دواداچوونه‌کان، له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆک و سکرتێری ئه‌و (۷) لایه‌نه‌ سیاسییه‌ گفتوگۆیان کردوه‌ له‌باره‌ی دروستکردنی هاوپه‌یمانێتییه‌ک بۆ به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستان که‌ بڕیاره‌ ۱۰ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت.

ڕۆژی ۲۱ی شوبات، دادگای باڵای فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای سکاڵایه‌کی یه‌کێتیی نیشتمانی، یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانی گۆڕی، شێوازی هه‌ڵبژاردنی له‌ کوردستان له‌ (یه‌ک بازنه‌یی)ه‌وه‌ گۆڕی بۆ (فره‌ بازنه‌)و هه‌رێمی دابه‌شکرد به‌سه‌ر چوار ناوچه‌ی هه‌ڵبژاردندا (هه‌ولێر- سلێمانی- دهۆک- هه‌ڵه‌بجه‌.

شێوازی فره‌بازنه‌یی هه‌ڵبژاردن حزبه‌ سیاسییه‌ بچوکه‌کان نیگه‌ران کردووه‌، چونکه‌ له‌م شێوازه‌دا ده‌نگی هه‌ر حزبێک له‌ناو بازنه‌یه‌کی هه‌ڵبژارندا قه‌تیس ده‌بێت و ئه‌گه‌ر کۆی ده‌نگه‌کان نه‌توانێت له‌و بازنه‌یه‌دا کاندیدێک سه‌ربخات بۆ په‌رله‌مان، ئه‌وا ده‌نگه‌کان ده‌فه‌وتێت و ناگوازرێته‌وه‌ بۆسه‌ر ده‌نگی کاندیدێکی تر له بازنه‌یه‌کی تر.

ئه‌م حزبانه‌، پێشترو له‌به‌ر رۆشنایی شێوازی یه‌ک بازنه‌یی هه‌ڵبژاردندا، هه‌ندێکیان یان به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌یانتوانی یه‌ک کاندید بۆ په‌رله‌مان سه‌ربخه‌ن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ که‌ شێوازه‌که‌ بووه‌ به‌  (فره‌ بازنه‌یی)، ده‌رفه‌تی به‌رده‌میان لاوازه‌.

ئه‌مه‌ هۆکاره‌که‌یه‌، که‌ به‌ر له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی کوردستان له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌، له‌ دانوستانه‌کانی چۆنیه‌تی هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردندا، شیوعی و سۆسیال دیموکرات و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و لایه‌نه‌کانی تریش دژی شێوازی فره‌بازنه‌یی هه‌ڵبژاردن بوون.

ئه‌و حه‌وت حزبه‌ی که‌ ئێستا تاوتوێی دروستکردنی هاوپه‌یمانێتیی ده‌که‌ن بۆ هه‌ڵبژاردن، له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌ماندا به‌ هه‌موویانه‌وه‌ ته‌نیا (۲) کورسییان هه‌بووه‌، کورسییه‌که‌ی حزبی شیوعی و کورسییه‌کی شه‌راکه‌تی نێوان سۆسیال دیموکرات و حزبه‌که‌ی باپیر کامه‌لا.

سه‌رچاوه‌یه‌کی ئاگادار له‌ گفتوگۆ سیاسییه‌‌که‌ به‌ (دره‌و)ی راگه‌یاند، حه‌وت حزبه‌که‌ رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی داهاتوو جارێکی تر کۆده‌بنه‌وه‌و بڕیاردراوه‌ هه‌ریه‌کێک له‌ لایه‌نه‌کان پێشنیازو میکانیزمی خۆی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی دروستکردنی هاوپه‌یمانێتییه‌که‌ بخاته‌ڕوو، رۆژی ۱۲ی ئه‌م مانگه‌ وه‌کو دوا واده‌ بۆ گفتوگۆکردن و یه‌کلاکردنه‌وه‌ی پرسه‌که‌ دیاریکراوه‌، چونکه‌ رۆژی ۱۴ی مانگ دواین واده‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی ناوی هاوپه‌یمانێتییه‌کان له‌لایه‌ن کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراقه‌وه‌.

ئه‌م (۷) حزبه‌ ئه‌گه‌ر بڕیار بده‌ن پێکه‌وه‌و به‌ هاوپه‌یمانێتیی بچنه‌ ناو هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ده‌بێت له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی بازنه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌نێو خۆیاندا رێکبکه‌ون و لیستێکی هاوبه‌شی کاندیده‌کانیان بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ بکه‌ن.

کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق له‌ ڕۆژی ۵ی ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌رگای بۆ تۆمارکردنی ناوی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییانه‌ کردوه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت به‌شداری هه‌ڵبژاردنی کوردستان بکه‌ن، جگه‌ له‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی حزبی شیووعی بۆ هاوپه‌یمانێتیی، هیچ هه‌وڵێکی جددی تر بۆ دروستکردنی هاوپه‌یمانێتیی نییه‌، یه‌کگرتووی ئیسلامیش ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی هه‌یه‌ بۆ دروستکردنی هاوپه‌یمانێتیی له‌گه‌ڵ "به‌ره‌ی ناڕازیی خه‌ڵک" به‌ڵام تائێستا شتێکی ئه‌وتۆی لێ سه‌وز نه‌بووه‌.

لاهوور شێخ جه‌نگیش له‌ماوه‌ی ڕابردوودا له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێکی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتیی به‌دیاریکراوش ناڕازییه‌کان و ئه‌وانه‌ی بۆ یه‌که‌مجاره‌ به‌نیازن به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکه‌ن، هه‌وڵی بۆ دروستکردنی هاوپه‌یمانێتیی هه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌کانی بێ‌ئاکام بووه‌.

News Code 223182

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha