پێویسته‌ قه‌واره‌ی فیدڕاڵی هه‌رێم و به‌هاكانی راپه‌ڕین بپارێزین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان-  سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "پێویسته‌ قه‌واره‌ی فیدڕاڵی هه‌رێم و به‌ها به‌رزه‌كانی ڕاپه‌ڕین بپارێزین و گه‌شه‌یان پێ بده‌ین، سه‌روه‌ریی هه‌مووشمان به‌نده‌ به‌بوونی كوردستانه‌وه‌".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مه‌سروور بارزانی له‌ په‌یامێكدا له‌ ساڵیادی ڕاپه‌ڕینی ساڵی ۱۹۹۱ی گه‌لی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌: "ڕاپه‌ڕینی ئاداری ۱۹۹۱، یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین ڕووداوه‌ به‌رهه‌مداره‌كانی مێژووی كوردستان و شانازییه‌كی گه‌وره‌ و سه‌روه‌رییه‌كی مه‌زنی گه‌لی كوردستانه‌، كه‌ به‌رهه‌می یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی سه‌رجه‌م چین و توێژ و پێكهاته‌كانی گه‌لی كوردستان و هێز و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان بوو، ره‌تكردنه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی سته‌م و داگیركاری و ژێرده‌سته‌یی بو، به‌رهه‌مه‌كه‌ی دروستبوونی قه‌واره‌ی فیدڕاڵیی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌ شه‌رعی و ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم بوو".

راشیگه‌یاندووه‌، ئه‌مڕۆ كه‌ یادی ڕاپه‌ڕین ده‌كه‌ینه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌ و هه‌ر تاكێكی كوردستانی، به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی، داكۆكی له‌ ده‌ستكه‌وته‌ نیشتمانییه‌كان و مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی گه‌لی كوردستان بكه‌ن.

ناوبراو ده‌شڵێت، "پێویسته‌ قه‌واره‌ی فیدڕاڵی هه‌رێمی كوردستان و به‌ها به‌رزه‌كانی راپه‌ڕین و بنه‌ماكانی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ و ئاشتیخوازی و مرۆڤ دۆستیی گه‌لی كوردستان، هه‌میشه‌ بپارێزین و گه‌شه‌یان پێ بده‌ین، به‌ دڵنیاییشه‌وه‌ سه‌روه‌ریی هه‌مومان به‌نده‌ به‌بوونی كوردستانه‌وه‌".

مه‌سروور بارزانی داواشیكردووه‌، "یادی ڕاپه‌ڕین، هانده‌ری زیاتر بێت بۆئه‌وه‌ی پشتیوانی قه‌واره‌ی ده‌ستوری هه‌رێم و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بین، تا بتوانێت به‌ باشترین شێوه‌، خزمه‌تێكی شایسته‌تر پێشكه‌شی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان بكات و به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ره‌و قۆناغێكی گه‌شه‌سه‌ندوتر ببه‌ین".

News Code 223158

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha