پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرۆک‌کۆماری عێراق دەکەن بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ هەڵبوەشێنێتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ژمارەیەک لە نوێنەری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کریستیان، تورکمان، ئەرمەن و سریان لە قەزای عەنکاوەی هەولێر دژی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق گردبوونەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆران عەبدولجەبار، سەرۆکی هاوپەیمانیی کلدانیی جیهانی گوتی: "ئەمڕۆ بە ئاشکرا لە ماڵی خۆمان لەسەر خاکی باوک و باپیرانمان، بەرەو جینۆسایدی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبرێین، کە لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە رێکدەخرێن کە گرنگی بە هاوبەشە نیشتیمانییەکانیان نادەن".

پێکهاتەکان داوایان لە سەرۆک‌کۆمار و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کەمکردنی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان بدەن کە لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە دەرچووە.

محەممەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی لەمبارەوە بە ڕووداوی گوت: "ئەو بڕیارەی دراوە، ستەمێکی گەورەیە لە پێکهاتەکان کراوە، ئەمە دژی دەستوور و یاسا بەرکارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە".

مونا قاوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانیش دەڵێت: "ئێمە وەکوو پێکهاتەکان مافەکانمان پارێزراوە بەپێی یاسا، بەڵام ئێستا دەیانەوێت بەپێی یاسا مافەکانمان پێشیل بکەن، ئێمە دەنگی خۆمان دەگەیێنینە هەموو کۆنسوڵخانەکانی وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئەوان بێدەنگ نەبن بەرامبەر ئەو ستەمەی لێمان کراوە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان 10ـی حوزەیرانی بە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دیاری کردووە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش پەسندی کردووە.

بەپێی یاسا، پێکهاتەکان دەبێت لیستی سەربەخۆیان هەبێت یان بە هاوپەیمانی بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن.

News Code 223157

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha