ناسەقامگیری ناوچەکە لە بەرژەوەندی هیچ گەلێکدا نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەرمینیا ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەکەی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دا هاتووە تاڵەبانی لەگەڵ ڤاهگن خاچاتوریان، سەرۆکی ئەرمینیا کۆبووەوە و باسی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاوازەکان و چەند پرسێکی دیکەش تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە تیایدا هەریەکە لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیبوون، "هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا کرد و جەختیان کردەوە لەسەر پتەوکردن و زیاتر بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، بازرگانی و وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، تەندروستی و خوێندنی باڵادا. لەمبارەیەوە گفتوگۆ لەسەر میکانیزم و ڕێوشوێنەکانی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەو بوارانەدا و سوودوەرگرتن لە ئەزمونی ئەرمینیا کرا".

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بە گشتی کرا، "هەردوولا هاوڕابوون کە ناسەقامگیری ناوچەکە لە بەرژەوەندی هیچ گەلێکدا نییە و پێویستە هەمو لایەنەکان بۆ رێگریکردن لە قوڵبونەوەی ناکۆکییەکان، سیاسەتی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەی ئاشتییانە بگرنەبەر".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بوون. جێگری سەرۆک وەزیران لەوبارەیەوە وتی: "هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی عێراقدا بێت".

News Code 223121

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha