بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ڕادیۆی مۆنتی کارلۆ تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی عێراق و نێوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا.
لەبارەی بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بارزانی ڕایگەیاند: لەسەر بنەمای "رێککەوتنێکی سیاسی" بەشدارییان لە حکوومەتەکە کردووە، "هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێکهێندرا، تێبینیمان کردووە سوودانی دەیەوێت بەندەکانی نێو رێککەوتنە سیاسییەکە جێبەجێ بکات کە لەنێوان لایەنەکان کراون، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاستەنگی ڕاستەقینە ڕووبەڕووی بووەتەوە".
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، "پشتیوانیمان لێکردووە و پشتیوانیشی دەکەین لەپێناو جێبەجێکردنی ئەوەی لەسەری رێککەوتووین".
بارزانی جەختی لەوەکردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق "ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە و رێگری لێدەکرێت تاوەکوو بەندەکانی ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات کە لەنێوان لایەنەکان کراوە".
مەسعوود بارزانی ناوی هیچ لایەنێکی نەبرد و گوتی، "نامەوێت لایەنێکی دیاریکراو دیاری بکەم، بەڵام زۆر ڕوونە کە لایەن هەن هەوڵدەدەن ئاستەنگ لەبەردەم کاری حکوومەتی فیدراڵی دروست بکەن".
سەرۆکی پارتی دیموکرات، هەروەها نیگەرانی خۆی لەبارەی دۆخی عێراق دەربڕی و ڕایگەیاند: "بە ڕاشکاوانە لە دۆخەکە نیگەرانین، دیموکراسی لە عێراق هەڕەشەی ڕاستەقینەی لەسەرە، هەڕەشەکانیش لە نێوخۆ و لە دەرەوەن".
Your Comment