بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشەممە ۲۱ی ۲ی ۲۰۲۴ دادگای فیدڕاڵی عێراق ۱۱ کورسی پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستانی بە نایاسایی ناساند و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کرد بە ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆیی و نەوت بە وەزارەتی دارایی عێراق، هەروەها حکوومەتی عێراقی پابەندکرد بە دوانەخستنی ڕەوانەکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق سەلاحەدین محمد بەهائەدین ئەمنیداری گشتی یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن مافەکان و زۆر خۆشحاڵین بەو بڕیارە و ئەمە ستەم بوو لە ڕابردوودا دەرهەق بە خەڵکی هەرێمی کوردستان کرا.
ئاماژەی بەوەش کرد، قەوارەی هەرێم قەوارەیەکی دەستوورییە و بڕیارەکە هیچ کاریگەری لەسەر قەوارەکە نابێت و بەداخەوە بەرپرسانی هەرێم گەیاندیانە ئەمڕۆژە و وتیشی، "گرێیەک کە بەدەست دەکرایەوە بۆچی بەددان بکرێتەوە."
سەلاحەدین بەهائەدین باسی لەوەشکرد، هیوادارن لە نزیکترین کاتدا ڕۆژی هەڵبژادن دیاری بکرێت و لەئێستاوە نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر کار بۆ چاودێری وردی پرۆسەکە بکەن.
Your Comment