برایانی تاڵەبانی سەركۆنەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆریان نەكرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وێڕای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر هێرشە مووشەكییەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر كە بەهۆیەوە زیان بە ژێرخانی كێڵگەكە گەیشت، كەچی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی هیچ ڕاگەیاندراوێكیان لەبارەی هێرشەكە بڵاو نەكردۆتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، باسنیووزی بڵاوی کردەوە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۵ی ۱ی ۲۰۲۴، چەند مووشەكێک ئاراستەی كێڵگەی كۆرمۆر كران لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، بەهۆیەوە هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان ڕاگیرا.

باسنیووز هەروەها دەنووسێت "هەرچەندە باڵوێزانی ئەمریكا، بەریتانیا، فەڕەنسا و چەند وڵاتێكی دیكە هێرشەكەی سەر ئەو كێڵگەیەیان شەرمەزار كردووە، كەچی بافڵ و قوباد تاڵەبانی كە خۆیان بە فەرمانڕەوای یەكەمی ناوچەی سلێمانی دەزانن، تا كاتژمێر ۱۱:۳۰ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ۲۷ی ۱ی ۲۰۲۴، هیچ ڕاگەیاندراوێكیان لەبارەی هێرشەكە بڵاو نەكردۆتەوە و سەركۆنەشیان نەكردووە!".

هێشتا نازاندرێت ئاخۆ هۆكاری بێدەنگیی بافڵ و قوباد تاڵەبانی بەرامبەر بەو هێرشەی میلیشیاكانی عێراق بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر چییە؟ بەڵام ئەوەی لای هەمووان ڕوونە ئەوەیە كە بافڵ تاڵەبانی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیوەندییەكی زۆر بەهێزیان لەگەڵ میلیشیاكان هەیە و ئەو پەیوەندییەش لە ڕۆژانی خیانەتی ۱۶ی ئۆكتۆبەری ۲۰۱۷ەوە تا ئێستا بە بەهێزی ماوەتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی هێرشەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر رای گەیاندووە: "ئەوانەی هێرش دەكەنە سەر ئەم كێڵگەیە، نە مەبەستیان دژایەتیكردنی گرێبەستەكانە و نە دژایەتیی حزبی دەسەڵات، بەڵكوو ئامانجیان لێدانە لە سەرچاوەیەكی گەورەی وزە لە كوردستان. هێرشەکەش بە درۆن بووە و پەیامدارە و دژایەتیی ڕوونی هەرێمی کوردستانە".

News Code 222950

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha