ئەگەری بەربژێر بوونی باشاک دەمیرتاش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانیی ئیستەنبووڵ

بەشی تورکیا- هاوژینی سەلاحەددین دەمیرتاش رایدەگەیێنێت، ئەگەر دەم پارتی بە گونجاوی بزانن و داوای لێبکەن بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بەربژێر بکرێت، بیری لێدەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتڤانی ناوداری کورد و هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە، لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی پارێزگای ئەدیرنە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ۲۱ـی کانوونی دووەمی ۲۰۲۴، باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەلاحەدین دەمیرتاش لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا بۆچوونی خۆی لەبارەی بەربژێربوون بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ خستەڕوو.

ئەگەری بەربژێر بوونی باشاک دەمیرتاش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانیی ئیستەنبووڵ

باشاک دەمیرتاش، لە وەڵامی پرسیاری "ئەگەر دەم پارتی داوات لێ بکات، خۆت بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بەربژێر بکەیت، چۆن وەڵامیان دەدەیتەوە و هەڵوێستت چی دەبێت؟" ڕایگەیاند، ئەگەر دەم پارتی بە گونجاوی بزانێت و داوام لێبکەن بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانی خۆم بەربژێر بکەم، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەم نابێت، بیری لێدەکەمەوە."

باشاک دەمیرتاش، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر بەربژێربوون قبووڵ بکات، بۆ ئەوە نییە لە دژی کەسێک بێت یان بۆ دۆڕاندن و سەرخستنی بەربژێرێکی دیاریکراو بێت، بەڵکوو بۆ ئەوە دەبێت کە شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ بەدەست بهێنن و دڵنیام ئەنجامێکی باشمان دەبێت.

ئەگەری بەربژێر بوونی باشاک دەمیرتاش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانیی ئیستەنبووڵ

ئەم لێدوانانەی باشاک دەمیرتاش لە کاتێکدایە، جەهەپە و دەم پارتی دانووستاندنەکانیان بەردەوامە بۆ پرسی پاڵپشتی‌کردن لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە دەم پارتی چەند مەرجێکی خستووەتە بەردەم جەهەپە. بەشێک لە مەرجەکانی دەم پارتی، داوای راگەیاندنی ئاشکرای رێککەوتنی دوو قۆڵی و بڵاوکردنەوەی مادەکانی رێکەوتنەکە بۆ رای گشتیی دەکات. هەروەها داوای دەنگی جەهەپە دەکات بۆ بەربژێرەکانیان لە سێ شارەوانیی شارۆچکەکانی ئیستەنبووڵ.

لە تورکیا ۳۰ گەورە شارەوانی، ۵۱ شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە ۱۰۰۰ شارەوانی شارۆچکەکان هەن؛ ۲۰ هەزار و ۷۴۵ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و ۲۷۲ ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەن؛ هەروەها ۵۰ هەزار و ۲۲۹ موختار هەڵدەبژێردرێن.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ۲۰۱۹دا ئاکپارتی ۱۵ گەورەشارەوانی، جەهەپە ۱۱ گەورەشارەوانی، هەدەپە سێ گەورەشارەوانی و مەهەپە یەک گەورەشارەوانییان بەدەست هێنا.

News Code 222933

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha