بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە زانکۆی سەلاحەددین ڕایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای قەیرانە بەردەوامەکان، بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی باشمان بۆ ڕووبەڕبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ناوە، بەتایبەت لە دروستکردنی هەشت بەنداوە ستراتیجییەکان و چەندین پۆندی دیکە کە دەبنە هۆی گلدانەوەی ئاوێکی زۆر کە تەنانەت عێراقیش سوودی لێ دەبینێت، چوونکە سەدا ۳۰ ئاوی عێراق پێک دەهێنن.
هەروەها ئاماژەشی دا، لە کابینەکانی پێشوودا توانای گلدانەوەی ئاو تەنیا ۵۰ ملیۆن مەتەر سێجا بوو، بەڵام لە ماوە پێنج ساڵی ڕابردوو تاوەکوو ئێستا زیاتر لە ۱۶۰ ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.
لەبارەی دروستکردنی بەنداوەکان گوتی: لە هەرێمی کوردستان ۲۵ بەنداوە هەن، دروستکردنی ۱۲ بەنداویش کاریان تێدا دەکرێت، هاوکات پێشنیازی دروستکردنی ۴۲ بەنداوی دیکە کراوە.
ئاماژەشی دا، ۱۰۳ پۆند هەن، ۵۶ پۆند لە قۆناغی دروستکردندان، هاوکات ۴۶ پۆندی دیکە پێشنیازی دروستکردنیان بۆ کراوە.
وەزیری کوشتوکالی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، پێشنیازیان کردووە چوار بەنداوی دیکەی ستراتیجی لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێرەوی سەرچاوە ئاوییە سروشتییەکان دروست بکرێن، بە تایبەت لەسەر زێی گەورە، خازر، زێی بچووک، چەندین شوێنی دیکە، بۆ ئەمەش پەیوەندیەیان بە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزرانی عێراق کردووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ وڵامێکیان نەبووە و هیچ برە پارەیەک دەستنیشان نەکراوە.
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی: وەزارەتە پەیوەندیی دارەکانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمڕۆ لەو بارەیەوە کۆ دەبنەوە، هیواشی خواست ئەوە کۆبوونەوە ببێتە دەستپێک بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانی دروستکردنی ئەو پرۆژانە.
لە درێژەی قسەکانی دا باسی لەوە کرد، زیاتر لە ۳۰ جۆر جۆر بنەتۆ کە بەرگەی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزی پلەی گەرمی دەگرن، تۆمار کراون، کە بە هاوبەش لەگەڵ کەرتی تایبەت توانراوە ئاستی بەرهەمهێنانی بنەتۆ لە هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر لە ۱۶ هەزار تۆن بەرز بکرێتەوە.
هەروەها گوتیشی: هەرێمی کوردستان ڕوپێویی بۆ ژمارەیەک زەوی کردووە بۆ ئەوەی داری زەیتونیان تێدا بچێنرێن، کە ئەمەش سوودیکی زۆری دارایی بۆ هەرێم دەبێت.
وەزیری کشتوکالی هەرێمی کوردستان هۆشداریشی دا، بەهۆی بارانی بەخووڕ، لافاو، ڕێژەی بەهەڵم بوونی ئاو، لە دەستدانی سەرچاوە ئاوییەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی، کەمبوونەوەی ڕیژەی سەوزایی، سووتانی دارستانەکان و بە بیابانبوون عێراق و هەرێمێ کوردستان، کەوتونەتە بەر گۆڕانەکانی کەشوهەوا، کە ئەمەش هۆی سەرەکین بۆ لە دەستدانی توانایی دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک و ئاو، هاوکات دەبێتە هۆی کۆچی دانیشتووان.
Your Comment