سێی ڕێبەندان ساڵڕۆژی کۆچی دواییی مەقامبێژی گەورەی کورد

بەشی فەرهەنگ و هونەر- لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ٣ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۷۷ی ھەتاوی،  گۆرانیبێژی ناوداری کورد، مامۆستا «محەمەد ماملێ» کۆچی دوایی کرد.

کوردپرێس:

محەممەدی ماملێ، کوڕی سەعیدی ماملێ لە ساڵی ۱۹۲٥ زاینی لە گەڕەکی «خڕێ»ی مەهاباد چاوی بە ژیان هەڵێنا و یەکەم گۆرانی خۆی بە ناوی: «ڕۆیی بە جێهێشتم» لە ساڵی ۱۹۳۸ تۆمار کرد.

زۆربەی سترانەکانی ئەم پایەبەرزە شیعری مامۆستا وەفایی، مامۆستا هەژار، مامۆستا هێمن و هاشمی نانەوازادەگانە و لە شیعری فۆلکلۆر و شاعیرانی دیش کەڵکی وەرگرتووە و بە چریکەیکی هەست‌بزوێن خوێندوونی و بۆمانی بە یادگار جێهێشتوون.

لە کتێبی «بازی بێریان» لە نووسینی موحەممەد حەسەن ئەحمەد، کە ژیان و گۆرانییەکانی مامۆستا ماملێ لەخۆ دەگرێ ئاماژە کراوە کە ماملێ پتر لە ۷۰۰ گۆرانی لێی بەجێ ماوە.

سەد داخ و کەسەر کە لە دوایین ساڵەکانی ژیانیدا تووشی نەخۆشی فەرامۆشی (ئالزایمێر) دەبێ و ئاکام لە ڕۆژی ۳ی ڕێبەندانی ساڵی  ۲۶۹۸ (۱۹۹۹ ز) بۆ هەتاهەتایه دڵە پڕ هەست و ئەویندارەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان دەوەستێت و پێڵووی چاوانی بۆ هەمیشە بە ڕووی ئەویندارانی زایڵەی دەنگیدا لێک دەنێ و لە دوا مەنزڵگای لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی مەهاباد ئارام دەگرێ.

News Code 222921

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha