شاندێکی هه‌رێم بەم‌زووانە سه‌ردانی به‌غدا ده‌کات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاندێکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ئامانجی گفتوگۆکردن له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی مووچە‌خۆرانی هه‌رێم سەردانی بەغدا دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو شاندێکی حکوومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانه‌کانی بۆ به‌غدا ده‌ستپێده‌کاته‌وه‌، ئامانجی سه‌ره‌کیش گفتوگۆکردن ده‌بێت له‌باره‌ی هه‌مواری یاسای بوودجه‌ی ۲۰۲۴ و پشکی هه‌رێم و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێک بۆ کێشه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم.

شانده‌که‌ ژماره‌یه‌ک دۆسیه‌ و داتای تایبه‌ت به‌ خه‌رجیه‌کان و مووچە‌ی مووچە‌خۆرانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ خۆیان بۆ به‌غدا ده‌به‌ن، به‌ئامانجی گفتوگۆکردن له‌باره‌ی سه‌رجه‌م دۆسیه‌کان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێک بۆئه‌وه‌ی له‌ساڵی ۲۰۲۴یشدا دواکه‌وتنی مووچە‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌رده‌وام نه‌بێت.

هاوکات، پێشه‌وا هه‌ورامانی وتەبێژی حکومەتی هه‌رێم به‌ "کوردستان۲۴"ی راگه‌یاندوه‌، هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێ کردنی پرسی بوودجە و مووچە ده‌چێته‌وه‌ به‌غدا، ئامانجی سه‌ره‌کی شانده‌که‌ش چاره‌سه‌رێکی یه‌کجاره‌کیه‌ بۆ کێشه‌کان.

هه‌فته‌ی ڕابردوو شاندێک به‌ نوێنه‌رایه‌تی فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایانی ناڕازی هه‌رێمی کوردستان سه‌ردانی به‌غدای کرد و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق کۆبۆوه‌، به‌وته‌ی ئه‌ندامانی شانده‌که‌ش، سوودانی به‌ڵێنی پێداون، کاربکات بۆ باشترکردنی دۆخی فه‌رمانبه‌ر و مامۆستایان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێک تاوه‌کوو کێشه‌ی دواکه‌وتنی مووچە‌کانیان بۆ چاره‌سه‌ر بکات و هاوشێوه‌ی پارێزگاکانی دیکه‌ مانگانه‌ مووچه‌کانیان وه‌ربگرن.

News Code 222790

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha