بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فه‌وزی هه‌ریری، سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە میدیای رایگەیاند، هیچ کۆسپێک له‌به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنەکەدا نییە و له کاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌دەچێت.
بڕیارە ۲۵ى شوباتی ۲۰۲۴، هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان لەژێر سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.
سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم، فەوزی هەریری وتیشی، "حکوومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پەیوەندیدان. زیاتر ئەرکی حکومەتە ئامادەکاریی بۆ رێوشوێنەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات. ئەرکی کۆمیسیۆن سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکەیە".
رۆژی یەکشەممە، ۰۳-۱۲-۲‌۰۲۳، دانیشتنی دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی سکاڵایەک کە لە دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، بۆ رۆژی چوارشەممە، ۲۷-۱۲-۲‌۰۲۳ دواخرا.
سکاڵاکە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.
سه‌رۆکی دیوانی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، چاوه‌ڕێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی ئەو سکاڵایەی دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، ده‌که‌ن "تاوەکوو ئه‌م پرسه یه‌کلایی ببێته‌وه".
Your Comment