کوردپرێس:
بەپێی زانیارییەکان، سکاڵایەکیان لەلایەن چوار مامۆستای هەرێم بە سەرپەرشتی دەزگای ستاندەر تۆمارکرا بوو، سکاڵاکەی دیکە لەلایەن دەستەی داکۆکی لە مامۆستایانی و فەرمانبەرانی ناڕازی تۆمارکرابوو.
لە دانیشتنەکەدا کە نوێنەری حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمیش ئامادەی بوو، بەڵام نوێنەرەکەی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند دەسەڵاتی قسەکردنی پێنەدراوە.
سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی پرسیاری لە نوێنەری حکوومەتی عێراق کرد بۆچی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دواخراوە، نوێنەری حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند وردبینی لە لیستی فەرمانبەران و مووچەخۆران تەواو نەبووە.
جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی وەک بەرگریکردن لە مووچەخۆرانی هەرێم ڕایگەیاند فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ڕاستەقینەی هەرێم چ تاوانێکیان هەیە کە ئێوە بە پاساوی نەبوونی متمانە بە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم مووچەکانیان نادەن، ئایا ئێوە ڕازین ڕۆژێکیش مووچەی فەرمانبەرانی نەجەف و بەسرە و بەغدا پارێزگاکانی دیکە دوابخرێت، لەگەڵ کۆمەڵێک گفتوگۆی دیکە.
رەعد ڕەفعەت لە دانیشتنەکە بەناوی مامۆستایانی سکاڵاکار بەرگری لە دۆسیەکە کرد و ڕایگەیاند بەگوێرەی دەستور و یاسای بودجەش، ئەرکی حکوومەتی عێراقە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکات بە هەر ڕێگایەک بێت.
دواتر سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا دانیشتنەکە دوابخرێت بۆ ۲۱ی۱ی ۲۰۲٤، وە بانگهێشتی وەزیری دارایی عێراقیش بکرێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری دادگا و هۆکاری دواخستنی موچه.
هەریەک لە ڕەعد ڕەفعەت، بەدەل بەرواری، ئاکۆ شێخ محەمەد و عەلی بابان کە سکاڵایەکیان تۆمارکردبوو ڕایانگەیاند سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی لە دانیشتنەکە هەڵوێستی زۆر باش بوو، بەرگری لە مووچەخۆرانی هەرێم دەکرد بەرامبەر حکوومەتی ناوەندی، بەپێچەوانەی ئەوەی دەسەڵاتداران دەڵێن دادگاکە دژی خەڵکی کوردستانه.
وتیشیان: "سەرەڕای ئەوەی بڕیاری دادگاکە دواخرا، بەڵام چاوەڕێ دەکەین دواجار لەبەرژەوەندی مووچەخۆران و فەرمانبەران و مامۆستایان و خانەنشینان دادگای فیدڕاڵی بڕیاربدات و حکوومەتی عێراق بە پێدانی مووچەی هەرێم پابەند بکرێت".
Your Comment