بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهوور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا تایبەت بە هەڵبژاردنەکانی کەرکووک دەڵێت: "سوپاسی یەکەبەیەکەتان دەکەم کە زۆر لەخۆبووردووانە و بە جۆشوخرۆشی کوردانەوە بەشداریی فراوان و کاراتان کرد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا، سەرباری ئەو فەرامۆش کردنەی لەلایەن دەسەڵاتی سیاسیی کوردەوە بەرامبەرتان کرا لە ڕابردوودا، بەڵام هەستتان بە بەرپرسیارێتی کرد و بە دەنگەکانتان مێژوویەکی پڕ لە شکۆ و شانازیتان بۆ خۆتان و شاری کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان تۆمار کرد".
هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی ئاماژە بەوەش دەکات: "پیرۆزبایی لە کاندیدە سەرکەوتووەکانی کورد دەکەم، هیوادارم لەجیاتی حیزبایەتی کوردایەتی بکەنە ئەرکی لەپێشینەیان و لایەنە سیاسییەکانیش بەخۆیاندابچنەوە و لە گرنگی ئەو دەنگانە تێبگەن، کە بە پەنجەی کەرکووکییەکان و تەواوی دەنگدەرانی کوردی ناوچە کێشەلەسەرەکان بەدەستیان هێناوە، پێکەوە بە هاوبەشی بێ گوێدانە بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی کاربکەن و یەکە یەکەی ئەو دەنگانە بکەنە خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی بۆ ئەو خەڵکە دڵسۆز و تێکۆشەرە. لەگەڵ کاندیدە براوەکانی سەرجەم پێکهاتە و نەتەوەکاندا رۆحی ئاشتی و پێکەوەژیان قووڵ بکەنەوە و لە ئەنجوومەنێکی بەهێز و کارادا خزمەتی پارێزگای کەرکووک بکەن".
ناوبراو هەروەها دەڵێت: "هەمووتان ئاگاداربوون کە ئێمە پرۆژەیەکی سیاسیی ستراتیژیمان هەبوو بۆ ئەوەی هەموو حیزب و لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیستی بەهێزی نیشتمانییەوە بەشداربین لەو هەڵبژاردنە گرنگە، بەڵام هەوڵماندا لە جیاتی درووشمبازی و ململانێی سیاسی، خەڵکە خۆشەویستەکەمان لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان هانبدەین بۆ ئەوەی بە فراوانی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، هەر ئەوەشمان لێ چاوەڕوان کردن کە ئەنجامیان دا".
Your Comment