كورد له‌ كه‌ركووک هه‌شت كورسی به‌ده‌ست‌ده‌هێنێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- به‌گوێره‌ی ئه‌نجامی راپرسییه‌ک که‌ له‌ شاری کەرکووک ئه‌نجام‌دراوه‌، لیستی "کەرکووک هێز و وئیراده‌مانه" زیاتر له‌ ۱۷۶ هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست‌ده‌هێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بورهان ده‌روێش، سه‌رۆکی به‌شی زانسته‌ سیاسییه‌کان و په‌یوه‌ندیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی زانکۆی کەرکووک به‌ خه‌ندان-ی ڕاگه‌یاندووە، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک گه‌نجدا له‌ شاری کەرکووک به‌ دوو قۆناغ ڕاپرسییه‌کیان له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکانی له‌ شاره‌که‌ ئه‌نجام‌داوه‌ که‌ به‌هه‌ردوو قۆناغه‌که‌ ۸۰۰ فۆڕم دابه‌ش‌کراون و ده‌رکه‌وتووه‌، که‌ به‌های یه‌ک کورسی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ۲۶ هه‌زار ده‌نگ ده‌بێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، ڕاپرسییه‌که‌ له‌ناو سه‌نته‌ری شاری کەرکووک و ده‌ره‌وه‌ی شاردا ئه‌نجام‌دراوه‌، چوار ئاستی ته‌مه‌ن به‌شداریان کردووه‌، له‌وانه‌ ۲۰ بۆ ۳۰ ساڵان که‌ ڕێژه‌که‌یان ۲۵% بووه‌، هه‌روه‌ها ته‌مه‌ن ۳۰ بۆ ۴۰ ساڵان، ۴۰ بۆ ۵۰ ساڵان و ۵۰ بۆ ۶۰ ساڵان بوون.

بورهان ده‌روێش ده‌ڵێت، فۆڕمه‌که‌ به‌سه‌ر هه‌ریه‌که‌ له‌ نه‌ته‌وه‌کانی کورد، عه‌ره‌ب (شیعه‌ و سوننه‌)، تورکمان دابه‌ش کراوه‌ و پرسیاری ئه‌وه‌یان لێکراوه‌، "ئایا کارتی ده‌نگدانت نوێ کردوه‌ته‌وه‌؟، به‌نیازیت بچیت ده‌نگ بۆ ده‌نگدان؟، ده‌نگ به‌ کام لیست ده‌ده‌یت؟.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "بۆمان ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ رێژه‌ی به‌شداری له‌ ده‌نگدانه‌که‌دا له‌ نێوان ۵۵% بۆ ۶۰% ده‌بێت و لیستی "کەرکووک هێز و وئیراده‌مانه" (یه‌کێتی) ۱۷۶ هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست‌ده‌هێنێت واتا شه‌ش کورسی مسۆگه‌ر ده‌کات، لیستی ژماره‌ی ۱۹۷ی پارتی دیموکراتی کوردستانیش نزیکه‌ی ۵۴ هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست‌ده‌هێنێت واتا دوو کورسی مسۆگه‌ر ده‌کات".

هه‌ر به‌گوێره‌ی ئه‌نجامی ڕاپرسییه‌که‌، لیستی ژماره‌ ۱۶۷ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ نێوان هه‌شت هه‌زار بۆ ۱۰ هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست‌ده‌هێنێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناتوانرێت هیچ کورسیه‌که‌ به‌ده‌ست‌بهێنێت ده‌نگه‌کان ده‌فه‌وتێت، هاوکات لیستی ژماره‌ ۱۶۳ی یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمه‌ڵی دادگه‌ری کوردستان له‌نێوان شه‌ش هه‌زار بۆ هه‌شت هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست‌ده‌هێنێت، ئه‌و ده‌نگانه‌ش کورد سوودیان لێنابینێت و ناتوانرێت کورسی پێ مسۆگه‌ر بکرێت.

په‌یوه‌ست به‌ لیستی به‌ره‌ی تورکمانی ژماره‌ ۱۰۹، له‌ ڕاپرسییه‌که‌دا هاتووه‌، به‌ره‌ی تورکمان له‌نێوان ۷۰ هه‌زار بۆ ۷۵ هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست‌ده‌هێنێت واتا دوو کورسی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای کەرکووک مسۆگه‌ر ده‌کات، هه‌روه‌ها لیستی "تحالف العربی" له‌نێوان ۶۵ هه‌زار بۆ ۷۰ هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست‌ده‌هێنێت و دوو کورسی مسۆگه‌ر ده‌کات.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راپرسیه‌که‌، لیستی ژماره‌ ۱۶۶، له‌نێوان ۴۰ هه‌زار بۆ ۵۰ هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست‌ده‌هێنێت به‌وه‌ش ته‌نها یه‌ک کورسی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای کەرکووک مسۆگه‌ر ده‌کات، هه‌روه‌ها لیستی ژماره‌ ۱۷۵ی "تحالف عروبه" له‌ نێوان ۲۳ هه‌زار بۆ ۲۸ هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست‌ده‌هێنێت و یه‌ک کورسی مسۆگه‌ر ده‌کات، لیستی ۱۳۶ی "شیعه‌ی تورکمانی عه‌ره‌ب" له‌ نێوان ۲۴ هه‌زار بۆ ۲۸ هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست‌ده‌هێنێت واتا یه‌ک کورسی مسۆگه‌ر ده‌کات.

زیاتر لە ۳۰۰ کاندید لە کەرکووک کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەست‌هێنانی دەنگی ۸۵۰ هەزار دەنگدەر، کە بەسەر کورد، عەرەب و تورکماندا دابەش کراوە، بۆ پڕکردنەوەی ۱۶ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، (کورسییه‌ک بۆ  کۆتای کلدان و ئاشوور) دەبێت.

حزبە کوردییەکان لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ حکوومەتی خۆجێیی شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد، بەڵام دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە سەرۆکایەتی حکوومەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر لە مانگی ۱۰ی ۲۰۱۷، کورد ده‌سه‌ڵاتی له‌ کەرکووک له‌ده‌ست‌دا، له‌وانه‌ پارێزگاری کەرکووک و زیاتر له‌ ۱۰۰ پۆستی دیکه‌.

News Code 222689

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha