حکوومەتی هەرێم بە قەرزاری ماڵئاوایی لە ۲۰۲۳ دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوی کرد بۆ ناردنی دواین ۷۰۰ ملیار دینار قەرز بۆ حکوومەتی هەرێم، کابینەی نۆیەم بە سێ مووچەی قەرزی فەرمانبەران‌ و ۲ ترلیۆن ‌و ۱۰۰ ملیاری قەرزی حکوومەتی بەغدادەوە ماڵئاوایی لە ساڵی ۲۰۲۳ دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، درەو میدیا بڵاوی کردەوە وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، لەسەر  فەرمانی سەرۆک وەزیران ‌و بە چاودێری تەیف سامی وەزیری دارایی، وەزارەتی دارایی نووسراوێکی دەرکرد بۆ پێدانی بڕی ۷۰۰ ملیار دینار قەرز بە حکوومەتی هەرێم بۆ دابین کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەمە بە گەرەنتی پارەیەکی پێشەکی کە بە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەدرێت، بەو مەرجەی لە شایستەکانی هەرێم پاکتاو بکرێت دوای پابەندبوونی بە بڕگەکانی یاسای بوودجەوە.

ئەمە دواین بڕی ۷۰۰ ملیار دینارە کە  ئەمساڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەنێرێت لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەدا کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەریکردووە بۆ پێدانی بڕی ۲ ترلیۆن‌ و ۱۰۰ ملیار دینار بۆ مانگەکانی ۹- ۱۰- ۱۱ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، حکوومەتی هەرێم بەپێی تەرخانکراوەکەی حکوومەتی فیدراڵ مامەڵەی لەگەڵ پارەکەدا نەکرد، بەهۆی ئەوەی لە دابەش کردنی مووچە دواکەوتبوو، پارەی ئەو سێ مانگەی بۆ مانگەکانی ۷-۸-۹ تەرخان کرد، بەوهۆیەوە ساڵی ۲۰۲۳ کۆتایی دێت‌ و مووچەخۆران سێ مووچەی مانگەکانی ۱۰-۱۱-۱۲یان دەکەوێتە لای حکوومەتی هەرێم، چوونکە ئەو ۷۰۰ ملیارە ئەم چەند رۆژە دەگاتە هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی ۹ی پێدا دابین دەکرێت.

بەم پێیە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سێ مووچەی قەرزەوە ماڵئاوایی لە ساڵی ۲۰۲۳ دەکات ‌و ئەگەر لەسەرەتای ۲۰۲۴دا لەبارەی یاسای بوودجەوە نەگاتە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، دۆخەکە خراپتر دەبێت، چوونکە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەو سێ ۷۰۰ ملیار دینارەی کە کۆتایی ئەمساڵ بۆ هەرێم نێردراوە بەشێوەی قەرزە و لە پشکی هەرێم لە بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ۲۰۲۳ دەبڕدرێت، خۆ ئەگەر پشکی هەرێم بەشی پێدانەوەی قەرزەکەی نەکرد، حکوومەتی عێراق قەرزەکە لە پشکی هەرێم بۆ ساڵی ۲۰۲۴ دەبڕێت، واتا حکوومەتی هەرێمی ساڵی دارایی داهاتووشی خستوەتە ڕەهنەوە بۆ وەرگرتنی ئەم قەرزە.

حکوومەتی هەرێم ‌و حکوومەتی فیدراڵ بەشێوەی زارەکی لەسەر هەمواری یاسای بوودجە رێکەوتنیان کردووە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کردەیی بەئاڕاستەی هەمواری یاسای بوودجە نابینرێت.

بوودجەی سێ ساڵەی عێراق لە کۆتایی حوزەیرانی ئەمساڵەوە چووە بواری جێبەجێ‌کردن، حکوومەتی هەرێم لە پشکی خۆی لە بوودجەکە رازی نەبوو، بۆیە ماددەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان تائێستا نەچونەتە بواری جێبەجێ کردن.

کرۆکی کێشەکە پەیوەندی بە دیاری کردنی شایستەی هەرێمی کوردستان هەیە لە چوارچێوەی خەرجی راستەقینەی عێراقدا، حکوومەتی هەرێم بەمە قایل نییە ‌و داوا دەکات شایستەی هەرێم لە تێکڕای خەرجی عێراق دیاری بکرێت.

ئەمە لەپاڵ چەند کێشەیەکی تر لەبارەی یاسای بووجەوە، لەوانە کەمی نرخی بەرهەمهێنان ‌و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە یاساکەدا کە جێگای ناڕەزایەتی حکوومەتی هەرێمە.

حکوومەتی هەرێم رۆژی ۹ی تشرینی دووەم پرۆسەی دابەش کردنی مووچەی مانگی ۸ی ئەمساڵی تەواو کردووە، ئێستا و لە مانگی ۱۲دا پرۆسەی دابەش کردنی مووچەی مانگی ۹ بەڕێوە دەبات.

News Code 222648

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha