سوودانی وەزیری دارایی ڕاسپارد بوودجە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خەرج بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزیری دارایی ڕاسپاردووە بوودجەیەکی تایبەت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خەرج بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان۲۴ـی ڕاگەیاندووە: "کۆمیسیۆن بە گوێرەی خشتەی کارکردنی، بەردەوامە لە ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت".

بڕیارە ۲۵ى شوباتی ۲۰۲۴، هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان لەژێر سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.

بە وتەی جومانە غەلای، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تەیف سامی، وەزیری دارایی ڕاسپاردووە بوودجەیەکی تایبەت بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە خەرج بکات.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رۆژی ۱۸ـی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۳، لە کەرکووک و ۱۴ پارێزگای دیکەی عێراق بەڕێوەدەچێت. زیاتر لە ۲۳ ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لە هەڵبژاردنەکەدا هەیە.

غەلای دەڵێت، تاوەکوو ئێستا کۆمیسیۆن زیاتر لە ۵۰۰ هەزار کارتی بایۆمەتری بەسەر دەنگدەراندا دابەشکردووە و پڕۆسەکە بەردەوامە. ئاماژە بەوەش دەدات، "کۆمیسیۆن لەسەر ئاراستەیەکی باش کاردەکات و ئامادەکاریی تەواوی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە".

وتەبێژی کۆمیسیۆن باسی لەوەش کرد، بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، کۆمیسیۆن ئامێرەکانی دەنگدانی "بە سەرکەوتوویی" تاقی کردووەتەوە. گوتیشی، "بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لەرێگەی دەست و ئامێری ئەلیکترۆنی، دەنگەکان جیادەکرێنەوە".

News Code 222616

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha