بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی-ی وت: "ناکۆکیی لایەنە سیاسیەکانە وایکردووە مووچە دابەش نەکرێت و ئەگەر تەنها پارتی و یەکێتی لەسەر خاڵەسنووریەکان رێکبکەون دەتوانرێت بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بکرێت."
لەبارەی شاندەکەی حکوومەتی هەرێمیشەوە، بریکاری پێشووری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: "حکوومەتی هەرێم نەدەبوو شاندێکی لەم شێوەیە بۆ بەغدا بنیرێت و شاندێکی تەکنیکی بەسە، هاوکات، ئەگەر خەڵکی باشمان لە بەغدا هەبوایە ئیستا گرفتەکان بەم شێوەیە نەدەبوو."
فازڵ نەبی ئەوەشی خستەڕوو، کێشەی لیستی فەرمانبەرانانی هەرێم لە نێو هێزە چەکدارانە و پێدەچێت لێکتێنەگەشتن لەنێوان شاندی هەرێم و بەغدا هەبێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەمیشە بەغدا دەیەوێت وردبینی لە خاڵە سنووریەکاندا بکات، بەڵام دەبێت سەرەتا بەغدا رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات دواتر وردبینی بکات.
ناوبراو دەشڵێت، داواکرنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە تەنها بیانووگرتنە و پێویستە بەغدا سەرەتا مووچە بنێرێت، دوای ئەوە دەتوانرێت وردبینی لەلیستی مووچەدا بکرێت.
ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێکە بوودجەی عێراق پەسەند کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیێک لە بەغداوە نەهاتووە بۆ هەرێم و بەردەوام یەکتر بە جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان تۆمەتبار دەکەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment