دەبێت ئەمریکا شەڕی ئیسرائیل لەدژی غەززە ڕابگرێت

بەشی جیهان- وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، بەستنەوەی عێراق بە شەڕی غەززە کاریگەریی خراپی دەبێت و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی دەخاتە سەر دۆخی هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا، باسی لە شەڕی غەززە و ئەگەری بەرفراوانبوونی شەڕەکە بۆ ناوچەکانی دیکە کرد.

وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: "بەردەوامبوونی شەڕ لە بەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە. سەبارەت بە بارودۆخی شەڕی غەززە، حکوومەتی عێراقی داوا دەکات دەستبەجێ شەڕ بووەستێت. بەشێوەیەکی گشتی، رێڕەوی یارمەتییە مرۆییەکان بکرێنەوە. هەروەها دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکان دابمەزرێت، لەسەر بنەمای مافی فەلەستینییەکان چارەیان دیار بکرێت. ئاوەدانکردنەوەی غەززە و دامەزراندنی سندووقێکی یارمەتی بۆ غەززە دابندرێت".

لەبارەی ڕوانینی عێراقییەکان سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل-فەلەستین، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوە کرد، "دوو ئاڕاستەی جیاواز لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا هەن، ئەو دوو ئاڕاستەیە پەیوەندییان بە ئاڕاستەی لایەنە سیاسییە جیاوازەکانەوە هەیە. هەندێکیان دۆخەکە بە بوونی هێزە بیانییەکان گرێ دەدەن بەتایبەتی هێزی هاوپەیمانان و ڕاوێژکارانی ئەمریکی. ئاڕاستەی دیکەش هەن پێیانوایە گرێدانی دۆخی غەززە بە عێراق کێشە بۆ ناوخۆی عێراق دروست دەکات. هاوکات ئەم کێشانەش کاریگەری نەرێنی دەخەنە سەر دۆخی کوردستان".

بە گوتەی فوئاد حوسێن، حکوومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هەرێمیی، عەرەبیی، ئیسلامیی، ئەوروپیی بۆ ئەوەی بڕیاربەدەستانی واشنتن گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە. ئەو دەڵێت، "بەستنەوەی عێراق بە شەڕەکە، کاریگەریی خراپی بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا دەبێت. پێویستە حکوومەتی عێراقی لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بێت لەگەڵ بڕیاردەرانی واشنتن، تاوەکوو شەڕی ئیسرائیل بووەستێنن. ئیسرائیل یەکێکە لەو وڵاتانەی دەیەوێت شەڕ بەردەوام بێت و نەوەستێت".

فوئاد حوسێن لە درێژەت گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "تاوەکوو ئێستا چارەسەرێکی ڕیشەیی نەبووە بۆ دروست‌کردنی ئاشتی و سەقامگیری و پێویستی بە هەنگاوی ژیرانە هەیە. بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات، پێویستمان بە کۆدەنگی و کارکردنی پێکەوەیە. ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، هەندێ کێشەی ئابووریشمان دێنە بەردەم، لەوانەیە کێشەی کۆمەڵایەتیش بێتە پێشمان".

News Code 222545

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha