‌په‌یامی بافڵ تاڵەبانی به‌بۆنه‌ی یادی ۲۳۹ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی شاری سلێمانی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکی یه‌کێتی له ‌په‌یامێکدا به‌بۆنه‌ی ۲۳۹ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی شاری سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، سلێمانی به‌ کردار سه‌لماندویه‌تی که‌ شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانییه.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی له ‌په‌یامێکدا بڵاوی کرده‌وه‌، "ئه‌مڕۆ به‌ دڵخۆشی و خۆشه‌ویستیی زۆرمانه‌وه‌ یادی ۲۳۹ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی شاری سلێمانی ده‌که‌ینه‌وه‌، یادی شارێک ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ به‌درێژایی مێژوو شانازیی نووسیوه‌ته‌وه‌ و پێشه‌نگی قوربانیدان، بیری ئازاد، ڕۆشنبیری و نوێگه‌ری بووه‌".

تاڵەبانی ڕاشیگه‌یاندووه‌: "ئاوڕدانه‌وه‌ بۆ ڕابردووی شاره‌ حه‌یاته‌که‌ و مێژوه‌ دره‌وشاوه‌که‌ی، ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌سه‌لمێنێت که‌ سلێمانییه‌ هه‌میشه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌کاندا دژی نادادی و سته‌م وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵکه‌ قوربانیده‌ره‌که‌ی له‌پێناو ئازادی و سه‌رفرازیدا خه‌باتیان کردووه‌، ئه‌م رۆحه‌ یاخی و پڕ وزه‌یه‌ش به‌رده‌وام نوێ ده‌بێته‌وه‌ و له‌هیچ بارودۆخێکدا زیندوێتی خۆی ون ناکات".

ناوبراو ده‌شڵێت، "سلێمانی هه‌میشه‌ خۆڕاگر، کاریگه‌ر و به‌هێز بووه‌، ئه‌مه‌شی له‌ سروشتی چیا سه‌خته‌کانییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ و رۆژانه‌ش له‌ ناخی خه‌ڵکه‌ ئازا و ڕۆشنبیره‌که‌یدا ڕه‌نگده‌داته‌وه‌، ئه‌و خه‌ڵکه‌ی هه‌میشه‌ ئاماده‌بووه‌ له‌پێناو ته‌واوی کوردستاندا خه‌بات بکات و به‌ بیره‌ ئازاد و نوێگه‌ره‌که‌شییه‌وه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و داهاتوویه‌کی گه‌شتر و دیموکراسیتر بنێت".

بافڵ تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌، "سلێمانی به‌ کردار سه‌لماندوویه‌تی که‌ شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانییه‌، شاری داهێنان و ڕۆشنبیرییه‌، بۆیه‌ ده‌شبێت هه‌مووان له‌و ڕاستییه‌ تێبگه‌ن، سلێمانی گوتار و دروشمه‌ گه‌وره‌کان ڕه‌تده‌کاته‌وه‌ و ده‌بێت به‌ کردار خزمه‌تی بکرێت".

هه‌ر له‌په‌یامه‌یدا باسی له‌وه‌کردوه‌، "دروود بۆ ڕۆحی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ڕابردوودا هه‌وڵیان بۆ پاراستن، به‌ره‌وپێشچوون و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی سلێمانی داوه‌، سوپاس و خۆشه‌ویستیش بۆ ئه‌وانه‌ی خه‌ون به‌ داهاتوویه‌کی باشتره‌وه‌ ده‌بینن و خه‌باتی بۆ ده‌که‌ن".

News Code 222500

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha