ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سروور بارزانی و وه‌زیری نه‌وتی عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری كۆ بووه‌وه‌ و ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکاری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوو، کۆبووەوە، بیروڕا لەبارەی ڕێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕکرا.

سەرۆکی حکوومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاڕاستەی بەجێگەیاندنی پێداویستییە دارایی و تەکنیکییەکانی پڕۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستوریی و گرێبەستەکان و رێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیى شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بوودجەی حكوومەتی فیدڕاڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، مه‌سروور بارزانی باسی له‌وه‌ش كردووه‌، "وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندوە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە"، لەمبارەیەوە وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی ڕاسپارد کە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند ڕۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ، خواستی حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆک وەزیران و حکوومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەویش لە ڕێگای ده‌ستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، بڕیاردرا کە هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکان لەسەر وردەکارییە قانونی و دارایی و تەکنیکییەکان بدەن تاکوو بە لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە، چارەسەرەکان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە کە رۆڵێکی بەرچاوی لە زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت.

News Code 222486

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha