سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی: لە ترسی دەستگیرکردن ناتوانم بڕۆمە کەرکووک

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لەکاتێکدا پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی گەلی تورکمانی کردبووە یەکێک لە مەرجەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکووک، بەڵام پارتی گەڕایەوە بۆ کەرکووک بێ ئەوەی بارەگاکانی ئەو حزبە تورکمانییە ڕادەست بکرێنەوە. سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانیش جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، ناتوانێت لە هەولێرەوە بۆ کەرکووک بگەڕێتەوە، چوونکە ترسی ئەوەی هەیە دەستگیربکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، لەبارەی هۆکاری وەرنەگرتنەوەی بارەگاکانی حزبەکەی لە کەرکووک لە کاتێکدا یەکێکبوو لە مەرجەکانی پارتی بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو پارێزگایە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "ڕاستە بارەگاکانی ئێمە یەک پاکێج بوو لەگەڵ ئەوانەی پارتی، بەڵام چارەنوسی بارەگاکانی ئێمە نادیارە، بەفەرمی وەڵامم لەسەر ئەم مەسەلە وەرنەگرتووەتەوە".

پارتی گەلی تورکمانی، بە هێزێکی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەژمارد دەکرێت، سەرۆک و هەندێک لە سەرکردەکانی لە ۱۶ی ئۆکتۆبەری ساڵی ۲۰۱۷ ەوە کەرکووکیان بەجێهێشتووە و لە هەولێر گیرساونەتەوە.

عیرفان کەرکووکی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بوو لە لیستی برایەتی کە لیستی لایەنە کوردییەکان بوو، خاوەنی ۲۶ کورسی بوون لە کۆی ۴۱ کورسی ئەنجومەنەکە.

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، نایشارێتەوە کە ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ کەرکووک و ترسی ئەوەی هەیە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیربکرێت.

عیرفان کەرکووکی، دەڵێت: "بارەگای حزبەکەم، خانووی خۆم و کوڕم لەلایەن حەشد و عەسایبی ئەهلی حەق و بزووتنەوەی نوجەباوە داگیراوە. ئەوان تەماعیان کردووەتە موڵک و ماڵەکەم، چۆن تەماع ناکەنە سەر ژیانم، هۆکارەکەشی هەڵوێستە سیاسییەکانمە".

هەروەها وتیشی،"هەرکات موڵک و ماڵەکەم ڕادەستکرایەوە، ئەوکات نیەت باشی بەرامبەر خۆم و حزبەکەم بەدی دەکەم. بەتایبەت خانووەکانم کە موڵکی شەخسین".

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، حەشدی شەعبی تۆمەتباردەکات بەوەی دەستی گرتووە بەسەر دوو بارەگای حزبەکەی و دوو موڵکی خۆیدا لە کەرکووک، بەڵام بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەڵێن، موڵک و خانووەکان هی حکوومەتی عێراقن و لەساڵی ۲۰۰۳ دەستییان بەسەردا گیراوە، نەک موڵکی حزب و هیچ کەس و لایەنێک.

لەبەرامبەردا عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە، موڵکەکان تاپۆی فەرمییان هەیە و موڵکی کەسین، لە دادگای هەولێر و بەغدا بۆ وەرگرتنەوەیان سکاڵای تۆمار کردووە.

سیاسەتی پارتی گەلی تورکمانی لە ماوەی ۲۰ ساڵی ڕابردووی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا جیاوازبووە لە حزب و لایەنە تورکمانییەکانی تر، لەکاتێکدا لایەنە تورکمانییەکان لە ژێر چەتری بەرەی تورکمانیدا کۆبوونەتەوە، بەڵام ئەم لایەنە لەگەڵ هێزە کوردییەکاندا هاوپەیمان بووە.

عیرفان کەرکووکی، دەڵێت: "بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاوپەیمانێتیمان ئەنجامداوەو کاندیدمان لە نێو لیستەکەیاندا هەیە".

ئەو وتیشی: "بارەگامان لە کەرکووک نییە، بەڵام لایەنگرو جەماوەرەکەمان لەکەرکووکن، بۆیە بەڕێوەبردنی بانگەشەی هەڵبژاردن قورس دەبێت بۆمان".

بڕیارە لە ڕۆژی ۱۸ی مانگی دوازدەی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، پارتی دیموکراتی کوردستانیش ڕۆژی یەکشەمە بارەگاکانی لە شاری کەرکووک وەرگرتەوە و خۆی بۆ چڕکردنەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن ئامادە دەکات.

News Code 222439

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha