بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمهڵهی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید ـ IAGS، بڕیارنامهی بە جینۆسایدناساندنی، کۆمهڵکوژی و ڕاوهدونانی دژ به گهلی کوردی له عێراق بەزۆرینەی دەنگ پەسەند کرد.
لە کۆی گشتی ۲۹۴ دەنگ، بە دەنگی بەڵێی ۲۸۶ دهنگ بڕیارنامهکه پهسهند کراوە و چوار دهنگ ڕهتیانکردۆهوه و چوار دهنگیش بێلایهنیان ههڵبژاردوه.
بهپێی بڕیارنامهکهی کۆمهڵهی نێودهوڵهتی زانایانی جینۆساید، تهواوی تاوانهکانی دهرههق به گهلی کورد له نێوان ۱۹۷۰ بۆ ۲۰۰۳ لەوانە ئەنفال و کیمیاباران، وهک تاوانی جینۆساید ناسێنراون، هاوکات تاوانهکانی داعش له نێوان ساڵانی ۲۰۱۴ بۆ ۲۰۱۷ دژ به ئێزیدییەکان و مەسیحییەکان به جینۆساید و تاوانی دژ به مرۆڤایهتی ناساندوه.
بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەسەندکردنی بڕیارنامەکەوە، لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، وتوویەتی: کۆمەڵەی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید پەسندکردنی پڕۆژەی داننان بە جینۆسایدی کورد ڕادەگەیەنێت، ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر KG LOBBY CENTER پڕۆژەی بڕیارنامەی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە گەلی کوردی لە عێراقدا پێشکەش بە رێکخراوی IAGS کرد.
بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان راشیگەیاندوە، ڕێکخراوەکە لە کۆنفڕانسی مانگی تەمموزی رابردو بە ئامادەبونی تیمی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان پڕۆژە بڕیارەکەی خستیە کارنامەی خۆی و دواتر خرایە پڕۆسەی دەنگدان و ئەمڕۆ دوای بە دەستهێنانی دەنگی ئەندامانی ڕێکخراوەکە پەسند کرا.
بە پێی بڕیارنامەکە، ئەو رێکخراوە، تاوانەکانی کۆمەڵکوژی و جینۆساید کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی روخاو و تیرۆریستانی داعش دژی گەلی کورد ئەنجام دراون، بە جینۆساید ناساند.
ڕێکخراوی IAGS ئەو زانا و ئەکادیمیست و توێژەرانە لە خۆ دەگرێت کە لە بواری تاوانەکانی جینۆساید لە سەرتاسەری جیهاندا پسپۆڕن و لە ئەو بوارەدا کاردەکەن.
Your Comment